رووداو دیجیتاڵ
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێ پێویستبوو تووندترد مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر بکرێت.
ڤینی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە چەندین یاریگەی جیاواز رووبەڕووی دروشم و قسەی رەگەزپەرستی بووەتەوە، بەتایبەت ساڵی 2023 لە یاریگەی میستایای ڤالێنسیا، بەهۆی ئەو رووداوانەوە چەند کەسێک سزادران، بەڵام هێشتا لە یاریگەکانی ئیسپانیادا، هەمان شت دووبارە دەبێتەوە.
کۆرتوا لە پۆدکاستێکدا دەڵێ، "حەزم لە کەشی یاریگەکانە، هەروەها کاتێک رکابەرییەکی تووند لە یاریگەدا هەیە، بەڵام لە هەندێک یاریگە گوێمان لە هەندێک قسە دەبێت، بەڕاستی باوەڕپێنەکراون".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەندێکجار بابەتەکە لە سنوور دەردەچیت. دەبێ لەگەڵ رەگەزپەرستیدا لێنەبوردنی رەها هەبێت. پێموایە دەمانتوانی باشتر و تووندتر لە یاریگەدا وەڵامی ئەو کارانە بدەینەوە، بەتایبەت ئەوەی لە ڤالێنسیا روویدا".
کۆرتوا دەڵێ، "دەکرا لەوێ بکشێینەوە و یاریی نەکەین، دەزانم کە هەموو هاندەران هەمان کاریان نەدەکرد، بەڵام کاتێک یانەیەک ناچار دەکرێت بەشێک لە یاریگەکەی دابخات بەهۆی ئەو جۆرە کارانەوە، ئەوکات دۆخەکە دەگۆڕێت".
لەبارەی تواناکانی ڤینیسیۆسەوە، کۆرتوا دەڵێ، "ئەو یاریزانێکە هەموو کاتێک کە ئامادەنەبێت بیری دەکەین، ئەو یاریزانێکی باوەڕپێنەکراوە لە لێهاتوویی تاک بەرامبەر تاک، زۆر بەهێزە، خێراییەکەی جێگەی سەرسووڕمانە، بەهەردوو قاچ لێدانی زۆر بەهێزی هەیە، بەشێوەیەکی گشتی، ئەو بەهرەمەندێکی ناوازەیە".
رووداوەکانی رەگەزپەرستی تاوەکو ئێستا لە یاریگەکانی ئیسپانیا بەردەوامن. هەفتەی پێشوو لە یاریی نێوان ئیسپانیۆل و ئاتلێتیک بیلباو رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانە بووەوە و بەهۆیەوە بۆ ماوەیەک ناوبژیوان یارییەکەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ