سەرۆکی لالیگا: پێرێز کەلەرەقە و خۆی وەک مەسیح دەبینێت.. ئێمباپێ ناگونجێت

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا خاڤیێر تێباس یانەی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، جارێکی دیکە هێرشی تووندی کردە سەر فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، ئەوی بەکەسێکی 'کەلەڕەق' ناوبرد. دووپاتیکردەوە لە دژایەتیکردنی ئەو بەردەوام دەبێت، باجەکەی هەرچییەک بێت.
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا، لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید لە زۆر بابەتی جیاوازدا ناکۆکن، لەسەرووی هەموویانەوە دۆسێی 'سوپەرلیگ' کە یانەی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی بیرۆکەداڕێژەر و پشتیوانیکەری گەورەی پاڵەوانێتییەکەن، لە کاتێکدا تێباس بەتووندی دژی بیرۆکەکەیە و رەتیدەکاتەوە.
 
تۆپی پێ بۆ هەمووان
 
تێباس لە ئەرجەنتین بەشداری لە کۆڕبەندی لووتکەی 'ئۆلی سپۆرتس' کرد، ئەو بیانووی بۆ دژایەتیکردنی خولی 'سوپەرلیگ' هێناوەتەوە و  دەڵێ، "ئەو جۆرە پاڵەوانێتییانە تۆپی پێی نیشتمانیی لەناودەبات، چونکە ئەوان بیر لە تەنیا 16 یانەی گەورە دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە ئەورووپادا زیاتر لە 250 یانەی پیشەگەر هەن. یاریزانانی ئەو یانانە بەهەموویان 300 تاوەکو 400 یاریزانن، لە کاتێکدا 60 هەزار یاریزانی پیشەگەر هەن، مانگانە لە نێوان دوو تاوەکو پێنج هەزار دۆلار پەیدا دەکەن. لە سوپەرلیگدا هەموو شت بۆ ئەو یانانەی پاڵەوانێتییەکە دەبێت و ئەویدیکە دەستبەتاڵ دەبێت".
 
تێباس کە پێشتریش هێرشی تووندی کردووەتە سەر پێرێز دەڵێ، "ئەم بابەتە بابەتێکی ئەخلاقییە، ئەو 300 تاوەکو 400 یاریزانە، لەبری ئەوە شەش ئۆتۆمبێلی فێرارییان هەبێت، هەریەکەیان دە دانە ئۆتۆمبێلی فێراری هەیە، ئایا ئەمە ئەو تۆپی پێیەیە کە ئێمە دەمانەوێت؟ روونە کە ئێمە ئەو تۆپی پێیەمان ناوێت، دەبێ یاریزانی مەزنی زۆر هەبن، کە پارەی زۆر پەیدا دەکەن و هەریەکەیان پێنج فێراری هەبێت".
 
سوپەرلیگ، تۆپی پێ لەناودەبات
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا، کە هەموو کات دووپات لە مەدریدیستا بوونی خۆی دەکاتەوە، دەڵێ، "ئامانجی ئێمە رێکخستنی داهاتەکانە تاوەکو هەموو بۆ تەنیا کۆمەڵێک کەس نەڕوات، لە کاتێکدا دەیان هەزار یاریزانی دیکە و ماڵباتەکانیان و پیشەسازیی تۆپی پێ بەتەواوی بکەوێتە ژێر مەترسییەوە. ئەوانەی کە داوای سوپەرلیگ و مۆندیالی یانەکان دەکەن، دەبێ ئەوە بزانن کە کاریگەرییەکەی چەندە. سوپەرلیگ تۆپی پێ لەناودەبات".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی سوپەرلیگ، تێباس دەڵێ، "فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەر شوێنێک بێت، من هەست بەدڵەڕاوکە دەکەم، لەبەرئەوە تاوەکو ئەو سەرۆکی ریال مەدرید بێت، دڵەڕاوکەکەم و هەستکردنم بەشێواوی بەردەوام دەبێت. من باش دەیناسم و زیاتر لە دە ساڵە دەیناسم، ئەو کەسێکی کەلەڕەق و سەرسەختە، دەیەوێت لە هەموو شتێکدا هەر خۆی لەسەر هەق بێت، بەڵام با چاوەڕێ بکەین بزانین لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیدا چی دەڵێت".
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا هەروەها دەڵێم "ئایا من و پێرێز دوو هێزی جیاوازین؟ من بەچەند ساڵێکی تیشکی لەپێش ئەوەوەم. هێزی من تەنیا بیرۆکەکانمە، راستییەکەش ئەوەیە کە زۆرینەی یانەکانی ئیسپانیا هاوڕای منن لەو دۆسێیانەی بەرگرییان لێدەکەم".
 
لەگەڵی کۆنابمەوە
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا، ئاشکرایکردووە سێ ساڵە لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید، رووبەڕوو کۆنەبووەتەوە، ئەو دەڵێ، "پێرێز لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەکەیدا گوتی، ریال مەدرید تۆپی پێ رزگار دەکات، خۆی بە مەسیح دەبینێت. بەڵام سێ ساڵە داوای کۆبوونەوە لەگەڵ من دەکات و من نامەوێ بیبینم، لە رێگەی چەندین کەسەوە هەوڵی دیدارێکیدا، بەڵام هەموویانم رەتکردەوە".
 
تێباس باسی رووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی ریال مەدریدی کردووە لە داهاتوودا و دەڵێ، "من دەبێ لە ناوچەی ئارامی خۆم بچمە دەرەوە و رووبەڕووی ببمەوە، تەنانەت ئەگەر بەهۆی ئەو کارەوە بکەومە کێشەشەوە. ئەگەر ئەوە نەکەم، ئەوکات هەمووان ملکەچ دەبن و بەپێرێز دەڵێن، تۆ ناوازەیت، من لە خزمەتدام و تۆ لەسەر هەقیت".
 
خاڤیێر تێباس کە پێشتر سەرسەختانە بەرامبەر بیرۆکەی سوپەرلیگ وەستاوەتەوە، زیاتر دەڵێ، "من لەبەرئەوە ناکەومە کێشەوە چونکە پێرێز دەسەڵاتێکی زۆری هەیە لە ئیسپانیا، بەڵکو ئامانجی من ئەوەیە کە ئەوەی لەناوخۆی وڵاتدا دەیڵێم، لە دەرەوەش هەمان شت بڵێم، ئەگەر ئەوە نەکەم، هەست بەشەرمەزاریی دەکەم".
 
رکابەریی ئەمساڵی لالیگا
 
خاڤیێر تێباس، هەروەها قسەی لەبارەی دۆخی رکابەریی لەسەر نازناوی خولی لالیگا کردووە، ئەو دەڵێ "بارسێلۆنا دوو ساڵ لەمەوپێش نازناوی خولەکەی بردەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید، خەڵک گوتیان ئەوە گالاکتیکۆسی نوێیە، بەڵام تۆپی پێ بەو شێوەیە نییە. یاریزانان پێویستیان بەگونجانە، ئەوانیش مرۆڤن و جێگەی جۆشبەختییە کە تۆپی پێ بەو شێوەیە بەڕێوەناچێت، زۆر رووداوی جیاوازی تێدا روودەدات، وەک هاتنی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید و نەگونجانی لەگەڵ تیپەکە. هەروەها سوپرایزی جیرۆنا و رکابەریکردنی لەسەر نازناوی خولەکە تاوەکو دوایین سێ هەفتە. ئێستاش درەوشانەوەی بارسێلۆنا و ئەو ساتە ناوازەیەی پێیدا تێدەپەڕێت و هەمووان رێزی دەگرن، لە کاتێکدا کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد".
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیای گرتووە بەکۆکردنەوەی 33 خاڵ پاش 13 گەڕی وەرزەکە، لە کاتێکدا ریال مەدرید 27 خاڵ و یارییەکی دواخراوی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
مێسی نەک رۆناڵدۆ
 
لە کۆتایی قسەکانیدا لە کۆڕبەندەکە، تێباس وەڵامی کورتی کۆمەڵێک پرسیاری داوەتەوە، لەبارەی باشترینەکانەوە، پرسیار و وەڵامەکان بەمشێوەیەیە..
 
- مێسی یان رۆناڵدۆ؟
+ مێسی.
 
- ئەرجەنتین یان بەرازیل؟
+ ئەرجەنتین.
 
- بارسێلۆنای گواردیۆلا یان ریال مەدریدی ئەنچیلۆتی؟
+ بارسێلۆنای گواردیۆلا.
 
- پرێمەرلیگ یان سێری ئا؟
+ پرێمەرلیگ.
 
- مارادۆنا یان پێلێ؟
+ مارادۆنا، من پێلێم نەبینیوە یاریی بکات.
 
- ئینێستا یان رائول؟
+ رائول.
 
- ریڤەرپلەیت یان بۆکاجۆنیۆرز؟
+ بۆکاجۆنیۆرز.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە