رووداو دیجیتاڵ
سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یاریی نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید، لە راپۆرتی خۆیدا بۆ دەستەی لالیگا، قسەی باشی لەبارەی ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە نەنووسیوە پاشئەوەی بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
میدیاکان دەڵێن، بەپێی ئەوەی ناوبژیوانی یارییەکە نووسیویەتی، پێدەچێ ڤینیسیۆس بۆ چوار یاریی رابگیرێت.
ڤالێنسیا لە یاریگەی خۆیدا و لە یارییەکی دواخراوی لالیگا، میوانداریی ریال مەدریدی کرد، یارییەکە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بە 2-1 گۆڵ کۆتاییهات.
لە خولەکی 79ی یارییەکەدا، ناوبژیوان کارتی سووری بەڕووی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری ریال مەدرید بەرزکردەوە، پاشئەوەی وایدانا کە دەستدرێژی کردووەتە سەر ستولە دیمتریسکی، گۆڵپارێزی یانەی ڤالێنسیا.
لە دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کارتە سوورەکەی ڤینیسیۆس شایستە نەبوو، تێهەڵچوونەوەی بۆ دەکەین".
ئەنچیلۆتی وایداناوە کە ئەوەی ڤینی کردوویەتی، پەرچەکردار بووە بەرامبەر گۆڵپارێزی ڤالێنسیا کە پێشتر پاڵی بەوەوە نابوو.
ئەوە دووەمجارە لە یاریگەی مێستایا، ڤینیسیۆس کارتی سووری راستەوخۆ وەردەگرێت، پاشئەوەی لە وەرزی 2022 - 2023 بەهەمان شێوە لە یاریی نێوان هەردوو یانە کرایە دەرەوە.
ناوبژیوانی یارییەکە، لە راپۆرتی خۆیدا، لەبارەی رووداوەکانەوە گوتویەتی "ڤینیسیۆس لە دوای وەرگرتنی کارتە سوورەکە، لەلایەن هاوڕێکانییەوە قۆڵبەستکراوە".
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لە خولەکی 79 ڤینیسیۆس دەرکرا بەهۆی دەستدرێژی بۆ سەر یەکێک لە رکابەرەکانی بەئەنقەست، بەبێ ئەوەی تۆپی لەلابێت و لە کاتی یاریدا بێت، بەشێوەیەک کە نەدەکرا پشتگوێ بخرێت".
ناوبژیوانەکە هەروەها نووسیویەتی، "دوای دەرکردنەکە ئەندامانی دیکەی یانەکەی ناچاربوون پەلبەستی بکەن و بیبەنە ژووری جلگۆڕین و ئەویش لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامبوو".
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' دەڵێ، ئەگەر هەیە ڤینیسیۆس لانیکەم بۆ چوار یاریی رابگیرێت.
روونیکردووەتەوە، ئەگەر ئەو یاریزانە بۆ چوار یاریی رابگیرێت، ئەوکات چەندین پاڵەوانێتیی جیاواز دەگرێتەوە، نەک تەنیا خولی ئیسپانیا، هەروەها یاریزانەکە هەڕەشەی بەشدارینەکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیای لەسەرە".
جامی سوپەری ئیسپانیا لە نێوان 8 تاوەکو 12ی ئەم مانگە، لە سعودیە بەڕێوەدەچێت و ریال مەدرید لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر ریال مایۆرکا یارییدەکات، لە رۆژی نۆی مانگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ