رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، داڤید بێکهامی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پارەیەکی خەیاڵیی داوە بۆ کڕینی کۆشکێکی نوێ لە شاری مەیامیی ئەمریکی.
ماڵپەری 'زی ریال دێل' کە تایبەتمەندی بواری خانووبەرەیە، ئاشکرایکردووە، کە بێکهامی یاریزانی پێشوو و بزنسمانی ئێستا، لەگەڵ ڤیکتۆریای هاوژینی، کە فاشن دیزاینەر و ئەندامی پێشووی گرووپی مۆزیکی سپایس گێرڵزە، بڕی 72.3 ملیۆن دۆلاریان داوە بۆ کڕینی کۆشکێکی نوێ لەسەر کەناراوەکانی مەیامی بیچ.
ماڵپەرەکە دەڵێ، ئەمە بەرزترین نرخە لە مێژوودا بەکۆشکێکی ئەو ناوچەیە بدرێت کە بە نۆرس بای رۆد ناسراوە و شوێنی نیشتەجێبوونی کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەیە.
هەمان سەرچاوە دەڵێ، کۆشکەکە رۆژی دووشەممەی رابردوو فرۆشراوە بەبێکهام، سەرەتا نرخەکەی 80 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بێکهام داشکاندنێکی باشی بەدەستهێناوە لە کاتی کڕینەوەکەیدا.
ئەو ماڵپەرە دەڵێ، کۆشکەکە لەسەر رووبەری 24 هەزار و 281 مەترە، لە 13 گەرماوی جیاواز پێکهاتووە، هەروەها هۆڵی وەرزش، سپا، شانۆ، مەلەوانگە، ناندێن، هۆڵی کراوە و چەندین بەشی دیکەی جیاواز.
سەرچاوەکە هەروەها دەڵێ، فرۆشیاری کۆشکەکە نیکۆلاس دی لامۆتی بزنسمانی گەورەیە کە ساڵی 2018 کۆشکەکەی بە 10 ملیۆن دۆلار کڕیوە، بەڵام نرخەکەی لەوکاتەوە دە هێندە زیادیکردووە پاشئەوەی کۆشکێکی ناوازەی لەسەر دروستکردووە.
بێکهام و ڤیکتۆریا، کە خاوەن پشکی سەرەکیی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکین و لە ریزەکانی ئەو یانەیەدا لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی یارییدەکات، خاوەنی شوقەیەکن لە تاوەری 'وەن ساوسزند میوزیەم' کە زوها حەدیدی ئەندازیاری تەلارسازی بەناوبانگ، دیزاینی کردووە.
ئەو دووانەیە بۆ کڕینەوەی ئەو شوقەیە لە ساڵی 2020دا بڕی 19.8 ملیۆن دۆلاریانداوە، کە رووبەرەکەی 929 مەتری چوارگۆشەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ