سەرۆکی فیفا بەشداریکردنی ئینتەر مەیامی لە مۆندیالی یانەکان راگەیاند

20-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان یانەی ئینتەر مەیامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ، بەشداریکردنی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی لە مۆندیالی یانەکان لە هاوینی داهاتوودا راگەیاند.
 
سەرۆکی فیفا دووپاتیکردەوە کە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە مەیامی دەبێت لەسەر یاریگەی هارد رۆک.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، ئینفانتینۆ بڕیاری مافی بەشداریکردنی بە یانەی ئینتەر مەیامی لە پاڵەوانێتییەکە داوەتە ئەو یانەیە، چونکە باسترین یانەی خولی ئەمریکییە.
 
یانەی ئینتەر مەیامی دەبێتە نوێنەری وڵاتی میوانداریکەری مۆندیالەکە کە بڕیارە لە 15ی شەش تاوەکو 13ی حەوتی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
 
راگەیاندنی بەشداریی یانە ئەمریکییەکە، پاش ئەو ئاستە نایابە هات کە لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی لە بەرامبەر ئینگلاند ریڤۆلوشن پێشانیاندا لە خولی ئەمریکی و بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
مێسی لە خولەکی 57 یارییەکەدا بەشدارییکرد و سێ گۆڵ و ئەسیستێکی هەبوو.
 
تاوەکو ئێستا بەفەرمی ناوی 31 یانەی بەشداری مۆندیالی یانەکان لە شەش کیشوەری جیاواز یەکلاکراوەتەوە، تەنیا دەرکەوتنی ناوی ئەو یانەیە ماوە کە دەبێتە پاڵەوانی جامی لیبێرتادۆرێس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە