رووداو دیجیتاڵ
دلڤین فیرهایدن، پارێزەری کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وایداناوە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، کاردەکات بۆ لاوازکردنی سیستمی تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا.
ئەو پارێزەرە دەڵێ، نەدانی بڕی 55.4 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە بە ئێمباپێ وەک مووچەی نەدراو، تێکدانی سیستمی تۆپی پێی جیهانییە لەلایەن ئەو یانەیەوە، ئەگەرچی لیژنەی یاسایی خولی فەرەنسا فەرمانی بەیانەی ناوبراو داوە، ئەو بڕە پارەیە بدات.
فێرهایدن، رۆژی هەینی رابردوو، سکاڵایەکی یاریزانەکەی پێشووی سانجێرمانی گەیاندە لیژنەی تێهەڵچوونەوەی باڵای فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و تێیدا دەڵی، بەرگری لە هەموو یاریزانانی پیشەگەر دەکەین، چونکە پاریس سانجێرمان دەسەڵاتی ئەو لیژنەیە لەباردەبات کە تۆپی پێی وڵاتەکە بەڕێوەدەبات.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی، لەزاری دلڤینی گواستەوە، "کاتێک لەبەردەم لیژنەی خولدا بەرگریم لە دۆسێیەکە کرد، گوتم ئێمە هاتووین لەپێناو یانەیەکی ناوازە و یاریزانێکی ناوازە، بەڵام دۆسێیەکە ئاسایی نییە، ئەوان پارەکە نادەن و کارەکەش لەڕادەبەدەر بێتامە".
ئەو لیژنەیە لە بەرژەوەندی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەنگیدا، هەروەها لیژنەی هاوبەشی نێوان خول و فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنساش بەهەمان شێوە.
فێرهایدنی پارێزەر دەڵێ بەداخم لەوەی پاریس سانجێرمان ئەو دوو بڕیارە پشتگوێدەخات و دەیەوێت کارەکە بباتە بەردەم لیژنەی دیکەی یاسایی. هەروەها دەڵێ، سانجێرمان وایداناوە کە دەستەی سەرپەرشتیاری خولی فەرەنسا، تایبەتمەندی ئەو بابەتە نییە کە یانەکە ناچار بکات بەدانی پارەی ئێمباپێ".
ئەو هەروەها دەڵێ، "پاریس سانجێرمان لەپێناو بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی پیشەگەرانە، رازییە، بەڵام لە کۆتاییدا دەڵێ ئەو دەستەیەی سەرپەرشتی خولی فەرەنسی دەکات و فیدراسیۆنی تۆپی پێش، دەسەڵاتیان نییە بەسەرماندا. ئێمە باسی دۆسێیەک دەکەین کە لە دۆسێی بریکارەکەی من زۆر گەورەترە".
دلڤین فێرهایدن گوتویەتی، "بابەتەکە زۆر گەورەیە، چونکە دەکرێ سیستمەکە هەمووی بخات. یانەکە بەدەنگی بەرز بە هەموو یانەکانی دیکە دەڵێ، پارەی یاریزانەکانتان مەدەن، ناچاریان بکەن بچن لە دادگاکان داوای مووچەکانیان بکەن. بەڵام دادگاکەش ماوەی ساڵ و نیوێکی دەوێت تاوەکو بڕیار دەدات و دواتر تێهەڵچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئەویش دوو ساڵ دەخایەنێت و پاشان دوو ساڵ تاوەکو بڕیاری کۆتایی دەدرێت. ئەوکات ئیدی هەموو ئەو یاریزانانە، کاروانی یارییکردنیان کۆتاییهاتووە، بەرلەوەی مووچەکانیان وەربگرن".
پارێزەرەکەی ئێمباپێ، وایداناوە، "پاریس سانجێرمان دەیەوێت خۆی بدزێتەوە لە بنەماکانی تۆپی پێ، هەروەها ئامادەیە بۆ خستنی سیستمەکە هەمووی، تەنیا بۆ ئەوەی پابەند نەبێت بەبڕیارەکانەوە".
دلڤین تووندتر هێرشی کردووەتە سەر سانجێرمان و دەڵێ، "ئەگەر دەسەڵاتداران گرێبەست و بنەمای گرێبەستەکان نەپارێزن، ئەوە ئاماژەیەکی بەهێزە، پوختەکەی ئەوەیە، دەتوانن مافی هەموو یاریزانان ژێرپێ بخەن".
ئەو هەروەها دەڵێ، 55 ملیۆن کە ئێمە داوای دەکەین، تەنیا 25 ملیۆنی بۆ ئێمباپێیە و 30 ملیۆنەکەی دیکە بۆ باجە.
ئەو پارێزەرە لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیدەکاتەوە کە نایەوێت سانجێرمان رووبەڕووی سزا بکاتەوە و دەڵێ، "ئامانجمان سزادانی سانجێرمان نییە، ئەگەر وانەبووایە دەمێکبوو دەچووینە دادگا، چونکە ئەوان زیانیان بە یاریزانەکە گەیاندووە و گێچەڵی ئەخلاقییان پێکردووە. دەمانتوانی هەموو شت بکەین، بەڵام هەموو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، تەنیا مافەکانی یاریزانەکەیە".
لە بەرامبەر ئەو قسانەدا، سەرچاوەیەکی نزیکی یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێ، ئێمباپێ دەیەوێت یانەکە بگەیێنێتە سزادان بەبێئەوەی خەمی بەدەستهێنانەوەی مافەکانی خۆی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ