فیدریکۆ ڤاڵڤێردی: ئەنچیلۆتی نەیدەهێشت لێدانی بەهێز ئاراستەی گۆڵ بکەم

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیدریکۆ ڤاڵڤێردی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە نهێنییەکانی گۆڵەکەی لە سیڤییا کردووە و دەڵێ ئامانجمە ئەمساڵ 10 گۆڵ تۆمار بکەم. ئەوەشی روونکردووەتەوە کە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر، لەگەڵ بیرۆکەی لێدانی بەهێزنەبووە لە مەشقەکانی بەر لە یارییەکەی سیڤییا.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی سیڤییای کرد لە گەڕی 18ی لالیگا و یارییەکەی بە 4 - 2 گۆڵ بردەوە. ڤاڵڤێردی بەلێدانێکی مووشەکئاسا گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد.
 
بەو سەرکەوتنە، ریال مەدرید خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا بەکۆکردنەوەی 40 خاڵ و بەجیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ، لە کاتێکدا سیڤییا خاوەنی تەنیا 22 خاڵە.
 
ڤاڵڤێردی لە دوای یارییەکە بە رۆژنامەی 'مارکا'ی راگەیاندووە کە ئامانجی ئەو گەیشتنە بە 10 گۆڵ لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
ئەو ئەستێرەیە کە تاوەکو ئێستا شەش گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە، گوتویەتی، "گوشار لەخۆم دەکەم لەپێناو گەیشتن بە دە گۆڵ، یارییەکەی ئەمجارەمان بەرامبەر سیڤییا باشترینی ئەمساڵمان بوو، بەگوشار و یەکگرتووییەوە یارییمان کرد".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "زۆر دڵخۆشم، لەگەڵ هاوڕێکانم گاڵتەم دەکرد، دەمگوت کوڕەکەم لە ماڵەوە دیمەنی گۆڵەکانم تەماشا دەکاتەوە و ئێستا لەوانەیە ڤیدیۆکەی کەمێک درێژتربووبێت و گەیشتبێتە 30 چرکە بۆ ئەوەی هەموو گۆڵەکان ببینێتەوە. لە رۆژانی رابردوودا کارمان لەسەر ئەو جۆرە لێدانانە کرد، دڵخۆشم بەوەی کە سەرکەوتووبووم تێیدا".
 
فیدی هەروەها دەڵێ، مەشقی زۆرمان لەسەر لێدانەکان کرد. هەندێکیان باش و هەندێکیان خراپبوون. ئەنچیلۆتیی راهێنەر هەندێک گومانی لە بیرۆکەکە هەبوو، بەڵام بەهۆی یاریدەدەرەکانییەوە رازیبوو بەوەی کە من ئەو کارە بکەم لە یارییەکەدا، لە ئەنجامیشدا گۆڵێکم تۆمارکرد.
 
ئەو یاریزانە باسی لە ململانێیەکانی خولی ئەمساڵی لالیگا کردووە و دەڵێ، "بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ لەپێناو نازناوەکەدا دەجەنگن، ناکرێ ئێمە بێخەم بین، بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان".
 
ڤاڵڤێردی لە 2018ەوە لە تیپی یەکەمی ریال مەدرید یارییدەکات و تاوەکو ئێستا بەشداری لە 284 یاریدا کردووە و 27 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە