رووداو دیجیتاڵ
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، نهێنی بردنەوەی تیپەکەی لە بارسێلۆنا بە ئەنجامی 2 - 1 گۆڵ، ئاشكراکرد و گوتی ئەوەی بەدەستمان هێنا، پەیوەندی بەکارکردن وەک یەک تیم هەبوو. هەروەها گوتی ئەوەی روویدا، دیاریی باوکم بوو بۆ یاریزانەکان.
سیمیۆنی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش یارییەکە گوتی، "ئەم بردنەوەیە هاوکاتبوو لەگەڵ یادی لەدایکبوونی باوکمدا کە بەر لە دوو ساڵ کۆچی دواییکرد، لەبەرئەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ روویدا دیارییەکە لەوەوە بۆ هاوکاریکردنی یاریزانەکانم و هەموو ئەوانەی لەم یارییەدا کاریان کرد".
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، زیاتر دەڵێ، "من زۆر دڵخۆشم بەو شێوازەی تیپەکەی پێوە دەرکەوت. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی کارکردنمان وەک یەک تیم، هەموو شت پەیوەستە بەیەک تیمییەوە. یەکدەستیمان دەبینی کاتێک هێرشمان دەکرد و کاتێک بەرگریمان دەکرد".
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوا خولەکەکانی یارییەکە و لە رێگەی گۆڵێکی ئەلیکساندەر سۆرلۆسەوە بردنەوەی بەدەستهێنا، پاشئەوەی ئەو یاریزانە لە خولەکی 73دا هاتە شوێنی ئانتوان گریزمان، راهێنەری ئاتلێتیکۆ دەڵێ، "قورسبوو گریزمان لە یاریگە ببەمە دەرەوە، بەڵام من دەمزانی کە سۆرلۆس بەشی خۆی پێیە تاوەکو پێشکێشی بکات، هەروەها دەتوانێت هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ هێشتنەوەی تۆپ لای خۆی و دەشتوانێت لە هەر تۆپێکەوە گۆڵ تۆمار بکات، من دڵخۆشم بەو توانایەی لە یاریگەدا پێشانیدا".
سیمیۆنی کە پاش 13 ساڵ کارکردن وەک راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، بۆ یەکەمجار لە نێو یاریگەی بارسێلۆنادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پەسنی بارسێلۆنایدا و گوتی، "بارسێلۆنا زۆر باش یارییکرد. رافینیا ناوازە بوو، هەروەها لیڤاندۆڤسکی نزیکبوو لە گۆڵ تۆمارکردن، هەروەها فیرمین و کاسادۆ. ئەوان هەمووان پێکەوە هێرشیاندەکردە سەر ناوچەی ئێمە بەپاسات و گەیشتنە ناو سندووق".
بەبڕوای سیمیۆنی، نهێنی سەرکەوتنەکە و بەرگەگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی بارسا، پەیوەندی بەتوانای بەرگریی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە هەبوو، سیمیۆنی دەڵێ، "کارەکە پەیوەندی بەبەرگرییەوە هەبوو، ئێمە لە رووی بەرگرییەوە زۆر ناوازەبووین، بەتایبەت ئۆبلاکی گۆڵپارێز و ئەو هاوکارمانبوو لە بردنەوە. ئاکسیل ڤیتسل لە ساتێکی قورسدا هاتە نێو یاریگەوە، تەنانەت ماوەی خۆ گەرمکردنی نەبوو، بەڵام ئەوەیکرد کە دەبوو بیکات. ئێمە هەروەها لی نۆرماندمان بەدەستهێنایەوە و ئەو پێویستی بەیارییکردن هەبوو، کارێکی باشی کرد، هەموو ئەو شتانە منیان دڵخۆشکردووە. ئەو وزەیەی تیپەکە پێشکێشی کرد منی زۆر دڵخۆشکردووە. دەکرا بڵێین بارسێلۆنا بەهۆی ئەو هەموو هەلەوەی کە هەیبوو، شایستەی بردنەوە بوو، بەڵام ئەمجۆرە شتانە لە تۆپی پێدا روودەدەن".
بەهۆی سەرکەوتنەکەی دوێنێ شەوەوە، بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لە بەرژەوەندیی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ