عێراق هەنگاوەکانی بۆ بەرگریکردن لە جامی کەنداو دەستپێدەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عێراق جامی کەنداو
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی جامی کەنداو دەستپێدەکات، کاتێک لە یەکەم یاریی جامەکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی یەمەن یاری دەکات.
 
لە دووەم رۆژی رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کە لە کوێت بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمدا و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی یەمەن یاری دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
عێراق لە جامی کەنداوی 25 کە لە بەسرە بەڕێوەچوو، دوای 32 ساڵ توانیی نازناوەکە بباتەوە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی پێنجەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
بۆ جامی کەنداوی ئەمجارە، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە هەر یانەیەکی عێراقی 2 یاریزانی بانگهێشتکردووە و لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی پیشەگەر پێکهاتەیەکی بەهێزی لەبەردەستە بۆ رکابەریکردن لەسەر پاڵەوانێتییەکە.
 
یوسف ئەمین و ئەحمەد یاسین، دوو دیارترین یاریزانی کوردن، بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە یاری دەکەن، پیتەر گۆرگیس، ئەستێرەی یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە و بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە.
 
هەڵبژاردەی عێراق هیچ یارییەکی لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا بە هەڵبژاردەی یەمەن نەدۆڕاندووە و دەیەوێت، ئەمڕۆ بەبردنەوە لەو هەڵبژاردەیە بچێتە نێو رکابەرییەکە.
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بە لە یارییەکە گوتی " ئامادەکارییەکان بەباشی بەڕێوەچوون، لەگەڵ هەندێک کێشەی رۆژانە، یان بەهۆی پێکان و ئامادەنەبوونی هەندێک یاریزان، بەڵام ئێمە بە گەرەنتییەکی زۆرەوە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاری."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر دەڵێت "بیرکردنەوەمان لەسەر ئەرکەکەمانە لە پاڵاوتنەکاندا، بۆیە هەوڵدەدەین سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام ئەمە پاڵەوانێتییەکی زۆرباشە بۆ ئەوەی لە هەندێک لایەنەوە خۆمان تاقیبکەینەوە، بەتایبەت لەگەڵ یاریزانە نوێ و لاوەکان، بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین و ئەمە هەلێکی باشە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پاڵاوتنەکان."
 
عێراق بەرامبەر یەمەن  14 یاریی ئەنجامداوە، 11 یاریی بردووەتەوە و لە 3 یارییدا یەکسانبووە، بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە، پاڵەوانی کەنداوی رابردوو هیچ دۆڕانێکی نییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە