بێکهام: خەڵک بۆ بینینی تۆپ کۆنترۆڵکردنی زیدان دەهاتنە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ

19-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید زینەدین زیدان داڤید بێکهام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

داڤید بێکهام، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، دەڵێ، شێوازی یاریکردنی زینەدین زیدان لە ریال مەدرید، بێوێنە و زۆر بەکوالیتی بوو.
 
بێکهام کە لە 2003 تاوەکو 2007 لە ریال مەدرید یارییکردەوە، ماوەی وەرزێک لەو پێکهاتەی ریال مەدرید بووە کە زینەدین زیدانیش یاریی لێدەکرد.
 
زیدان لە 2001 تاوەکو 2006 لە ریال مەدرید بووە.
 
بێکهام لە پۆدکاستێکدا باسی لە رۆژانی یارییکردنی خۆی لە ریال مەدرید کردووە، دەڵێ، "زیدان تەنیا یەکێک لە مەزنترینی ئەو یاریزانانە نەبوو کە یاریی لەگەڵداکردووە، بەڵکو ئەو یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لە مەشقەکاندا زۆر رژد و ورد بوو، هەروەها بەسرووشتیی کەسێکی مەزن و بەهرەدار بوو، بەبێئەوەی زۆر لەخۆی بکات بۆ ئەو کارە".
 
هەروەها دەڵێ، "زیزۆ بەو شێوەیە بوو، تۆپی لە هەر شوێنێکی یاریگەوە بۆ بنێرە، بەهەر بەرزی و خێراییەک کە تۆ دەتەوێت، ئەو زۆر بەئاسانی تۆپەکەی دەگرت و بەقاچەکانی کۆنترۆڵی دەکرد، وەکئەوەی شتێکی زۆر ئاسایی ئەنجام بدات و هیچیش خۆی پێوە ماندوو نەکات".
 
بێکهام دەڵێ، "خەڵک دەهاتنە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ ئەوەی تەنیا چێژ لە جادووی زیدان وەربگرن، تەنیا بۆ ئەوەی ببینن ئەو چۆن تۆپ کۆنترۆڵدەکات، ئەو زۆر ناوازە بوو.. زۆر".
 
بێکهام لە دوای ریال مەدرید، چەندین ئەزموونی دیکەی لە یاریگە جیاوازەکاندا تاقیکردەوە، لەنێویاندا یاریکردن بۆ گاڵاکسیی ئەمریکی و پاشان پاریس سانجێرمان و میلانی ئیتاڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە