نهێنیی 25 پێکانی یاریزانانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا

16-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید پێکانی یاریزانان لالیگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوتنە گەورەکەی ریال مەدرید بەسەر ئۆسەسۆنا بە 4 - 0 گۆڵ، هاندەرانی ریال مەدریدی دڵخۆشکرد، بەڵام دەریخست ئەو تیپە چۆن گیرۆدەی دەستی پێکانی یاریزانەکانی بووە.
 
راستە یارییەکە، ریال مەدریدی گەڕاندەوە نێو دۆخێکی ئارامتر لە پێشوو، بەتایبەت کە لە دوو یاری پێشتردا، ریال مەدرید بەرامبەر هەریەکە لە بارسێلۆنا و میلانیش دۆڕابوو.
 
لە سەرکەوتنەکەی ئۆسەسۆنادا، هەریەکە لە رۆدریگۆ، ئیدێر میلیتاو و لوکاس ڤاسکێز دووچاری پێکانبوون، ئەوەش قووڵبوونەوەی کێشەکانی پێکانی یاریزانانی لە یانەکەدا زیاتر بەرەو سەربرد، پاشئەوەی ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانی یانەکە گەیشتە نۆ یاریزان.
 
بەپێی دوایین زانیارییە راگەیێنراوەکان لەسەر پێکانەکان، میلیتاو بەستەری ئەژنۆی پچڕاوە و بەوەش وەرزەکەی کۆتاییهاتووە، لە کاتێکدا ڤاسکێز و رۆدریگۆ، لانیکەم مانگێک دووردەکەونەوە.
 
بەر لەو سێ پێکانە، ریال مەدرید، دانی کارڤاخالی لەدەستداوە بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆوە، هەروەها خوان مارتینێزی بەرگریکەری لاو بەهەمان هۆکار. ئەمە جیا لەوەی پەتای بەستەری ئەژنۆ، لە وەرزی رابردوودا لە هەریەکە لە داڤید ئالابا و تیبۆ کۆرتوای دا.
 
25 پێکان لە سێ مانگدا
 
کۆی پێکانەکانی یاریزانانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە 17 پێکان.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، پێکانە زۆرەکانی یاریزانانی یانەکە، بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکی لە نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا و دەستەی یاریدەدەرانی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر، لە دۆخەکەدا تۆمەتبارکراون، بەتایبەت لە رووی ئامادەسازیی جەستەییەوە.
 
ریال مەدرید، نۆ یاریزانی دووچاری پێکانبوون، هەریەکە لە ئالابا، مارتینێز، کارڤاخال، جاکوبۆ رامۆن، میلیتاو، کۆرتوا، چوامینی، ڤاسکێز و رۆدریگۆ.
 
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، یاریزانانی ریال مەدرید 25 جار دووچاری پێکانبوون.
 
ئەمە جیا لە هەندێک پێکانی دیکەی درێژخایەن، لەنێویاندا چوامینی کە پێکانێکی درێژخایەنی لە قاچیدا هەبوو، بەرلەوەی لە پاژنەیدا دووچاری پێکان بێت. هەروەها جود بێلینگهام کە لە وەرزی رابردووەوە کێشەی لە شانیدا هەیە و پێویستی بەنەشتەرگەرییە.
 
پیاوە مەزنەکە هۆکارە
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کێشەی پێکانەکان جۆرێک لە بێمتمانەیی و دڵەڕاوکەی لە ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا دروستکردووە. تۆمەتباری یەکەمیش لەوەدا، ئانتۆنیۆ پێنتۆسی راهێنەری جەستەیی یانەکەیە.
 
لە ساڵانی رابردوودا، پێنتۆس پەسنیی زۆری هەمووانی بەدەستهێنا، کاتێک ریال مەدرید تیپێک بوو لە کۆتاییەکانی یارییەکاندا وەک دڕندەیەک بەردەبووە گیانی رکابەرەکانی و بەوزەیەکی نوێ و توانایەکی جەستەیی خەیاڵییەوە، هەمووانی تێکدەشکاند.
 
پێنتۆس، راهێنەری توانای جەستەییە، ئیتاڵییە و لە چەندین یانەی جیاواز کاریکردووە، لە نێویاندا، چێڵسی، یوڤێنتوس و ئینتەرمیلان، بەرلەوەی ساڵی 2016 بێتە ریال مەدرید. لە یانەکە مایەوە تاوەکو 2019 و دواتریش کاتێک کارلۆ ئەنچیلۆتی لە 2021 گەڕایەوە بۆ ریال مەدرید، ئەو هەمان ئەرکی وەرگرتەوە، پاشئەوەی سەرۆکی ریال مەدرید خۆی بەتەلەفۆن داوای گەڕانەوەی کرد بۆ یانەکە.
 
هەموو کات، پێنتۆس بەکەسایەتییەکی گرنگی نێو یانەکە دانراوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە توانای جەستەیی یاریزانانی یانەکە، هۆکاری گەورە بووە بۆ سەرکەوتنەکانی.
 
لە کەمپی مەشقی یانەکەدا بۆ وەرزی نوێ لە ساڵی 2023، جود بێلینگهام، بەکەناڵی ریال مەدریدی گوت، "پینتۆس حەزدەکات هەموومان بکوژێ، بەڵام من خۆشم دەوێت، بەڵێ خۆشم دەوێت، ئەو کەسێکی مەزنە".
 
پێنتۆس بەوە ناسراوە کە بەردەوام ماسکەکان بەکاردەهێنێت، بۆ تۆمارکردن و شیکردنەوەی ئاستی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جەستەی یاریزانەکانیدا. هەروەها پڕۆگرامی تایبەتی مەشقیان بۆ دادەنێت.
 
لە کەمپی هاوینی ئەمساڵی یانەکەدا، پێنتۆس بینرا لە ئاژانسی 'ناسا' بۆ هاوکاریکردنی ئاسمانگەڕان لە ئەرکەکانیاندا.
 
دەرکەوتنی پێنتۆس لە 'ئاژانسی ناسا' نازناوی ئەوی لە راهێنەری توانای جەستەییەوە کردە 'سەرۆکی تواناسازی' هەروەها گرێبەستەکەی بۆ نوێکرایەوە و مووچەکەی بۆ زیادکرا. چەندین یانەی دیکەش داوای خزمەتەکانی ئەویانکرد.
 
پەیوەندییەکە کەی شێوا؟
 
ئەو پەیوەندییە پەمەییە لە نێوان کارلۆ ئەنچیلۆتی و پێنتۆس لە مانگەکانی رابردوودا گەیشتە دۆخێکی پڕ لە پشێوی. هەندێک سەرچاوە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکەوە دەڵێن، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکە ئەوەیە کە پێنتۆس، بەرپرسیارێتی بڕیارە سەرەکییەکان لە ئەستۆ ناگرێت، لە نێویاندا چاکبوونەوەی یاریزانە پێکراوەکان.
 
یاریدەدەرەکانی پێنتوس و یاریدەدەرەکانی ئەنچیلۆتی لەبارەی چڕیی توانای جەستەیی یاریزانانی تیپەکە لە یارییەکاندا ناکۆکن. داتاکان روونیدەکەنەوە کە ئەوان پلەی 19یان لە نێو 20 یانەی لالیگادا گرتووە لە رووی بڕینی شوێنەوە لە ماوەی 90 خولەکی یارییکردن. واتە یاریزانانی ریال مەدرید، ئەمساڵ یەکێکن لەو تیپانەی کەمترین راکردنیان هەیە لە نێو کۆی یانە بەشدارەکانی خولەکەدا.
 
بیانوو بۆ ئەو ماوە کەمەی راکردنی یاریزانان، دەکرێ بەوەوە ببەسترێتەوە کە ئەوان زۆرینەی کات کۆنترۆڵی تۆپ دەکەن زیاتر لە رکابەرەکانیان و بەوەش تۆپەکە لەبری ئەوان، زۆرترین ماوە بڕینی دەبێت.
 
بەڵام ئەنچیلۆتی و یاریدەدەرەکانی پێیانوایە یاریزانانی ریال مەدرید زۆر رادەکەن، هاوشێوەی وەرزی رابردوو، هەروەها ئەوان ناچارن ماوەی راکردنی خۆیان لە یاریگەدا بەکیلۆمەتر زیاتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا راهێنەرەکان ناکۆکن لە نێو خۆیاندا لەبارەی بایەخی ئەو کارەوە، چونکە هەندێک پێیانوایە پێوانەی گرنگ بریتییە لە بڕینی زۆرترین ماوە بەکەمترین کات.
 
جیاوازییەکە روونە
 
بۆ روونکردنەوەی ئەوەی لە تیپەکەدا روودەدات، ماڵپەری 'زا لانێست' سەرنجیداوە کە یاریزانانی یانەکە، لە یارییەکەی ئۆسەسۆنادا، دووەم کەمترین راکردنیان لە کۆی یارییەکانی وەرزەکەدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، بەرزترین ئاستیان لە توانای جەستەیی پێشانداوە.
 
هەندێک سەرچاوە، دەڵێن ئەوەی روودەدات پەیوەندی بەنەبوونی ئامادەسازیی باشەوە بەر لە یارییەکان هەیە. ئەوانەی پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن، نموونەی بەشدارینەکردنی کیلیان ئێمباپێ لە ماوەی راوەستانی نێودەوڵەتیی پێشوو دەدەن، کە ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی فەرەنسا دوورخرایەوە، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە رووی جەستەییەوە.
 
لەماوەی وەستانەکەدا، پێنتوس لەگەڵ ئێمباپێ رێکەوت بۆ ئەنجامدانی هەندێک مەشقی سووک. دواتر پێنتۆس، ئێمباپێی بردە ڤاڵدێبێباس بەر لە رۆژێک لە گەڕانەوەی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەشقەکان.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بیرکردنەوەی پێنتۆسەوە دەڵێ، خشتەی کاتی چڕی مەشقەکان و نەبوونی ماوەی باشی بەردەست بۆ ئامادەسازییەکانی بەر لە وەرزەکە، دەکرێ هۆکاری پێکانەکان روون بکاتەوە. ئاماژە بەوە دەکەن کە جیرۆنا لە مانگی دەی ساڵی رابردوودا، 12 یاریزانی پێکراوی هەبوو.
 
ئەوانەی لە ژینگەی یانەکەوە نزیکن، ئاماژە بەوەدەدەن کە پێنتۆس لە ئەندامەکانی دیکەی دەستەی مەشقدەرانی یانەکە دوورکەوتووەتەوە. نایەوێت هەموو زانیارییەکانی لەبارەی یاریزانانەوە بداتە ئەندامانی دیکەی دەستەی مەشقدەری تیپەکە.
 
ئەو دەستەیەی سەرئێشەی سەرەکییە
 
دەستەی راهێنەرانی توانای جەستەیی ریال مەدرید پێکهاتوون لە جۆزیپی بیلستەری ئیتاڵی، هەروەها سیباستیان دیڤلزی فەرەنسی کە چاودێری پێوانەی یاریزانان دەکات، هەروەها خۆسێ کارلۆس پارالیس، راهێنەری گونجاندنەوەی یاریزانان.
 
ئەنچیلۆتی، بڕیاریدا مینۆ فۆلکۆی زاوای لە بەرپرسی خۆراکەوە بکاتە بەڕێوەبەری تواناسازیی جەستەیی یاریزانان، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کارمەندانی دیکەی تیمەکە، بەڵام هێشتا ئەو کارە هیچ رەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤی نەبووە لە یانەکەدا.
 
هەندێک لە کەسایەتییەکانی نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە، پێزانینیان بۆ پێنتۆس و ناوبانگەکەی نییە، وا هەستدەکەن ئەو زۆرینەی کات تیشکی پۆزەتیڤی میدیاکانی لەسەرە، بەڵام بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت، کاتێک کێشە لە تیپەکەدا هەیە.
 
زۆر کەس لە نێو یانەکەدا دەڵێن بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پێنتۆس دەکەن، چونکە ئەو هاوڕێی زۆر نزیکی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدە، پەیوەندی تووندوتۆڵی لەگەڵیدا هەیە. کەسێکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەکە گوتویەتی، "ئەو هاوڕێی نزیکی پێرێزە، تەنانەت وەک دەستەڕاستی ئەو وایە". هەر بۆیە هەمووان نیگەرانن لە دزەکردنی رووداوەکانی ژووری جلگۆڕین، بۆ دەرەوەی تیپەکە.
 
پرسیارەکە لەبارەی پەیوەندی نێوان پێنتۆس و ئەنچیلۆتییە. کەسە نزیکەکان دەڵێن، پێنتوس دوورە لە ئەنچیلۆتی، بەڵام بەڕێزە و کەسیش گومانی لەوە نییە کە راهێنەرەکە دەیەوێت ئارامیی نێو ژوورەکە بپارێزێت. ئەنچیلۆتی سووربوو لەسەرئەوەی کارمەندەکانی و یاریدەدەرەکانی، بەئارامی لەسەر کورسیی یەدەگ بمێننەوە. نزیکەکان دەڵێن کێشە لە نێوان کارلۆ و ئانتۆنیۆدا نییە.
 
مانەوەی پەیوەندییەکە بەباشی، بەشێکی پەیوەندی بە داڤیدیی یاریدەدەری ئەنچیلۆتییەوە هەیە. لە دوایین یەکەی مەشقی بەر لە یارییەکەی ئۆسەسۆنادا، داڤیدی و پێنتۆس پێکەوە بینران کە لێبڕاوانە کاردەکەن و گفتوگۆیانە لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئاستی یاریزانان.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە ریال مەدرید، دووپاتیکردووەتەوە کە پێنتۆس پشتگیریی گەورەی یانەکەی هەیە، بەڵام مشتومڕ لەبارەی شێوازی کارەکەیەوە لەئارادایە، ناکۆکیش لەسەری دروستبووە.
 
پێکانەکانی هەریەکە لە مارتینێز و رامۆن لە مەشقەکانی تیپی یەکەمدا، مایەی نیگەرایی و دڕدۆنگییە. سەرچاوەکان پێیانوایە توانای جەستەیی ئەو دوولاوە، جیاوازبووە لەوەی کە یاریزانە سەرەکییەکان هەیانە، هەربۆیە دووچاری پێکان بوون.
 
گۆڕانکارییەکی بێ ئەنجام
 
زۆربوونی ژمارەی یاریزانە پێکراوەکان، وایکرد کە رۆبن سێبرانۆی راهێنەری توانای جەستەیی تیپی لاوانی یانەکە بۆ تیپی یەکەم سەربخرێت و لەگەڵ پارالێسی راهێنەری توانای جەستەییدا کاربکات.
 
پێدەچێ پشێوی و مشتومڕەکە تەنیا لە سنووری توانای جەستەییدا قەتیس نەمابێت، سەرچاوەکان گوتویانە، فرانچیسکۆ ماوری، کە یاریدەدەری راهێنەرە بۆ تۆپە جێگیرەکان، ئەویش بەئاوەزێکی باشەوە نەبینراوە لەسەر هێڵی یاریگە.
 
فرانچیسکۆ، کوڕی جیۆڤانی ماوری، یاریدەدەری پێشووی کارلۆ ئەنچیلۆتییە. ئەو بەرزکرایەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێکی سەرەکی لە تیمی راهێنەرانی یانەکە، لەپاڵ داڤیدی ئەنچیلۆتی. هەریەکە لە داڤیدی و فرانچیسکۆ هەڵسەنگاندنی بەرزیان لە کارەکەیاندا بۆ دەکرێت.
 
ئەو دووانە، هاوڕێی منداڵین، سەرپەرشتیکردنی یەکەکانی مەشقی یانەکەیان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دراوەتە دەست. یەکەمیان بووە راهێنەری تۆپە جێگیرەکانی یانەکە لە وەرزی رابردوودا و ریال مەدرید لە تۆپە جێگیرەکان سوودی زۆری بینی و بووە هۆکار بۆ بردنەوەی نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ.
 
فرانچیسکۆ دەناسن؟
 
ئەوەی کێشەیە ئەوەیە کە لە هەفتەکانی رابردوودا، فرانچیسکۆش ناڕەزایەتیی لە دۆخی تیپەکە دەربڕیوە، هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاوی ئەنجامداوە و یاریدەدەرەکانی دیکەی ئەنچیلۆتی تووڕەکردووە.
 
کەسێکی نزیک لەو تیمە، گوتویەتی، "فرانچیسکۆ هەندێک کاری کردووە کە ئەنچیلۆتی زۆر تووڕەکردووە، بەڵام لەبەرئەوەی لە کوڕەکەی دەچێت و لەگەڵ داڤیدیدا گەورەبووە، کارلۆ چاوپۆشیی لێکردووە..".
 
ئەو کەسە زیاتر و مەترسیدارتر قسەیکردووە، دەڵێ، "فرانچیسکۆ هەندێک کاری کردووە و هەندێک قسەی لەسەر کورسیی یەدەگ گوتووە، ئەگەر هەر کەسێکی دیکە بیکردایە، دەستبەجێ لە یانەکە دەردەکرا".
 
ئەو کەسەی نهێنی رەفتارەکانی فرانچیسکۆی ئاشکراکردووە، ئەوەشی خستووەتە روو کە لە دوا خولەکەکانی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ئالاڤێسدا کە 3 - 2 بۆ ریال کۆتاییهات لە مانگی نۆدا، فرانچیسکۆ ناچارکراوە بچێتەوە ژووری جلگۆڕین، پاشئەوەی یاریدەدەرەکانی دیکە گلەییان لە قسە و رەفتارەکانی کردووە و ئارامیی سەر کورسییەکانی تیپەکەی شێواندووە.
 
سەرچاوەکان گوتویانە، ماوری دووچاری مشتومڕ بووە، پاشئەوەی ئیندریک نزیکبوو لەوەی کارتی سوور وەربگرێت لە یارییەکەدا. بەڵام هەمووان دەزانن کە ئەو ئاوەزی ناجێگیرە و ئەوەش لای ئەنچیلۆتی تاوەکو ئێستا نەبووەتە کێشە.
 
ئەوەی ئاماژە بەساردنەبوونەوەی کێشەکە دەکات لە نێوان دەستەی یاریدەدەرەکانی کارلۆدا، بوونی ناکۆکی و کێشەیە لە نیوان داڤیدی و ماوریدا. ئەو دووانە هەمان خەونیان هەیە، بوون بە راهێنەری سەرەکیی یانەکە و ئەوەش وادەکات پێشبینی دوورکەوتنەوە یان رۆیشتنی یەکێکیان زۆر نزیک بێتە بەرچاو.
 
دۆخەکە بەو شێوەیەیە، یاریزانەکان بەدەست پێکانەوە دەناڵێنن، تیپەکەش خاڵی زۆر لەدەستدەدات و ئەوەش وادەکات وردبوونەوە و چیرۆکی زیاتر لەبارەی ژووری جلگۆڕینەوە دزەی پێبکرێتە سەر رووپەلی رۆژنامەکان.
 
سیناریۆکە لە کوێدا دەوەستێت؟
 
ئەوە یەکەمجار نییە ئەو شتە روودەدات، لە مانگی یانزەی ساڵی رابردوودا، ریال مەدرید بڕیاریدا نیکۆ میهیچ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، کە سەرۆکی خزمەتگوزاریی پزیشکیی یانەکە بوو.
 
ئەو لە کاتێکدا دوورخرایەوە کە پێرێز زۆر متمانەی پێی هەبوو، بەڵام دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی یاریزانان و ناڕەزایەتی کارمەندەکانی ئەو لە ئاستی تیمەکەی و شێوازی کارکردنی، وایکرد لە پۆستەکەی لاببرێت و فیلیپی سیگۆرا شوێنی گرتەوە.
 
لە ژووری جلگۆڕیندا بۆچوون وایە کە گۆڕانکاریی دیکە لە دەستەی مەشقدەراندا دەکرێت، هاوکات تاوەکو ئێستاش ئاماژە بەئارامبوونەوەی دۆخەکە نییە.
 
ناکۆکییەکان وردە وردە ئاشکرا دەبن و کێشەکانیش روونتر دەبنەوە، ئەوەی هەموو شتەکە رادەگرێت، سەرکەوتن و بردنەوەکانی تیپەکەیە، خۆ گەر لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەنجامە خراپەکان دەستپێبکەنەوە، بێگومان ئەوکات چیرۆکی زیاتر دزە دەکەن و سەری گەورەتریش لە تیمەکە دووردەخرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە