راهێنەری عێراق: دەمانەوێت لە کۆریای باشوور ببەینەوە

14-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەڵێت "یارییەکە پڕە لە ئاڵنگاری و دەمانەوێت سێ خاڵ ببەینەوە."
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی رۆژی سێشەممە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "تیپەکە ئامادەکارییەکی باشیکردووە، هەردوو تیپەکە یارییەکی گرنگیان لەبەردەمە، یارییەکە پڕە لە ئاڵنگاری، سەرەڕای ئەوەی زەحمەتە، بەڵام هەلی ئەوەمان هەیە رکابەری تیپێکی وەکو کۆریا بکەین، کە یەکێکە لە تیپەکانی پلە یەک لەسەر ئاستی ئاسیا."
 
راهێنەری عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتی کۆریای باشوور بڵاوکرانەوە و گوتی "بە کردەیی ئەوە روویدا، قسەمان لەبارەی وردەکاری گرنگەوە کرد، تاقیکردنەوەی قورس و بابەتی تەکنیکی جۆراوجۆریان هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا شتەکە قورس بوو، بەهۆی ئەوەی پابەندبووم بە گرێبەستەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، پێموایە ئەوان ئێستا راهێنەرێکی باشیان هەیە و دەتوانێت کاری باش بکات."
 
خیسوس بە رۆژنامەڤانانی گوت "یارییەکە زۆر گرنگە، گرنگترین شت بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەیە، ئێمە رووبەڕووی بەهێزترین تیپی کۆمەڵەکەمان دەبینەوە، هەر تیپێک بیباتەوە خاڵ بەدەستدەهێنێت، بەڵام سێ خاڵی یارییەکە وەکو ئاماژەیەک دەمێنێتەوە بۆ ئەو رێگە درێژەی لە پاڵاوتنەکاندا لەبەردەمانە و دەمانەوێت تاوەکو دوورترین خاڵ بڕۆین."

 
راهێنەری عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی هەڵبژاردەکان بۆ مۆندیال دەڵێت "کۆمەڵەکەمان زەحمەتە، کۆریا خاوەنی بەرزترین هەلە بۆ گەیشتن بۆ مۆندیال و ئەوان ئەزموونیان هەیە، رکابەرییەکە لەنێوان عێراق، عومان و ئوردن دەمێنێتەوە، ئەوان تیپی باشن، بەڵام کۆریا زۆرترین هەلی هەیە."
 
لەلایەن خۆیەوە مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەیکرد و گوتی "ئێمە رووبەڕووی تیپێکی رێکخراو دەبینەوە، ئەوان خاوەنی یاریزانی زۆرباشن لەسەر ئاستی تاکەکەسی، دەزانین یاریزانی پیشەگەریان هەیە لە یانەی ماینز و لە پاریس سانجێرمان."


بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "ئێمە دەمانەوێت گۆڵەکەمان بە خاوێنی رابگرین، دەمانەوێت لە یارییەکەدا هەموو شتێک پێشکێشبکەین بۆ ئەوەی لەسەر هەنگاوەکانمان بەرەو گەیشتن بە مۆندیال بەردەوامبین."
 
رۆژی سێشەممە کاژێر 14:00 هەڵبژاردەی عێراق لە رکابەرییەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە