ڤیدیۆ؛ ئەحمەد یاسین هۆکاری پەیوەندیکردنی بە یانەی زاخۆ بۆ رووداو ئاشکرا دەکات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەحمەد یاسین
ئەحمەد یاسین
نیشانەکردن ئەحمەد یاسین یاریزانی نوێی یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئەحمەد یاسین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ یانەکەی راگەیاند و یاریزانەکەی بە میدیاکان ناساند.
 
کەمێک لەمەوبەر، یانەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کۆتایی، بە چاوەڕوانییەکان هێنا و ئەحمەد یاسینی یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند و یاریزانەکە بەدرێسی زاخۆوە یەکەم ئەزموونی لە خولی عێراقدا تاقیدەکاتەوە.
 
یاسین تەمەنی 33 ساڵە، لە یانەکانی ئۆرێبرۆ، ئایک سۆلنا و هاکنی سوێدی، یانەی ئاسوری دانیمارکی، دینیزلی سپۆری تورکی، خوری قەتەری، خلودی سوێدی و چەند یانەیەکی دیکە یارییکردووە.
 
ئەحمەد یاسین بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە 68 یاریی ئەنجامداوە و 6 گۆڵی تۆمارکردووە، لە یانەی زاخۆ یاریزانەکە درێسی ژمارە 99 دەپۆشێت و ئەمڕۆ بەشداری لە مەشقەکانی ئەو یانەیەدا دەکات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکەی بەرامبەر کارەبا لە رکابەرییەکانی گەڕی چواردەی خولی عێراق، کە سبەی یارییەکە دەکرێت.
 
لە دوای ناساندنی وەکو یاریزانی نوێی یانەی زاخۆ، ئەحمەد یاسین، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بەدڵنیاییەوە راشکاوانە پێتان بڵێم، بەر لە دەستپێکردنی وەرزەکە، براکەم قسەی لەگەڵ یانەکە کرد و پێی راگەیاندن کە من دەمەوێت بێم بۆ عێراق و لێرە یاری بکەم، پێموایە کاتێکی گونجاوە بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکە، لەکاتێکدا یانەکە لە رکابەریدایە."
 
ئەحمەد یاسین دەڵێت "من نوێم و تەنیا دوو رۆژە لێرەم لە زاخۆ، بەڵام ئەوەی بینیوومە، تەنیا شتی باشم بینیووە و خەڵکێکی زۆرباشم بینیوە."
 
هشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە بە رووداوی گوت "ئەحمەد یاسین، کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق بووە یاریزانی یانەی زاخۆ، دوای ئەوەی لەسەر هەموو وردەکارییەکان گەیشتینە رێککەوتن، دوای ئەوەی گواستنەوەی زستانە دەستیپێکرد، چوار یاریزانی نوێمان گواستووەتەوە و لەسەر داواکاریی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەکە لەگەڵ یاریزانێکی دیکەی پیشەگەر لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی تیپەکە باشتر ئامادەبێت بۆ رکابەریکردن، بەتایبەتیش لە هێڵی پێشەوەدا."
 
یانەی زاخۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەکە رۆژی چوارشەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی 14 بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات و چاوەڕواندەکرێت ئەحمەد یاسین، یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامبدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە