رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا نزیکبووەوە.
بارسێلۆنا لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی خولی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر لیگانێس یارییکرد و یارییەکەی بە زەحمەت بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
لە یارییەکەدا بارسێلۆنا چەندجارێک خۆی لە گۆڵی رکابەرەکەی نزیککردەوە، بەڵام بێ سوود بوو و تاکە گۆڵی یارییەکە لەلایەن خۆرخی ساینزەوە تۆمارکرا، کە لە خولەکی 48 بەهەڵە لە خۆیانی کردەوە.
بارسا بەبردنەوەی ئەم یارییە بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم بۆ 6 خاڵ بەرزکردەوە و چاوی لە دۆڕان یان یەکسانبوونی ریال مەدریدە بۆ ئەوەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیکببێتەوە.
بارسێلۆنا 24 یارییە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و سبەی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرەو دۆرتموند بەڕێدەکەوێت.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "تیپەکەمان زۆر پێشکەوتووە، شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم و لەهەموو رووییەکەوە زۆرباشە، پێموایە هاندەرانیش لە ئاستی تیپەکە رازین."
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی " رۆژی دووشەممە دەچینە دۆرتموند، چاومان لە پێشکەوتنی زیاترە و دەمانەوێت هێشتا بچینە پێشەوە."
یانەی بارسێلۆنا لە سێ پاڵەوانێتیدا رکابەری دەکات، لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و چاوی لە بردنەوەی نازناوە لەم وەرزەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ