رووداو دیجیتاڵ
ئیگۆر تۆدۆر، راهێنەری نوێی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی شێوازی مامەڵەکردنی خۆی لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی ئاشکراکرد، پاشئەوەی لەگەڵ یانەکەدا یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
تۆدۆر لە دوو هەفتەی رابردوودا، شوێنی تیاگۆ مۆتای لە مەشقدانی یانەی یوڤێنتوس گرتەوە، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە، لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە.
ئیگۆر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش یاریی یانەکە بەرامبەر لیچی، گوتی، لە یاریزانەکانم پرسی حەزدەکەن لەکام شوێنی یاریگە یاریی بکەن؟ ویستی ئەوانم جێبەجێکرد و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا.
یوڤێنتوس بە 2 - 1 گۆڵ لە لیچیی بردەوە و خۆی گەیاندە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە بە 59 خاڵ.
تۆدۆر دوای یارییەکە گوتی، "دەمانتوانی زوو یارییەکە یەکلا بکەینەوە، بەڵام دە خولەکی کۆتایی زۆر قورسبوو، تۆرام تۆپێکی لەدەستدا و ئەوانیش گۆڵێکیان تۆمارکرد، ئەوەش دووچاری دڵەڕاوکەی کردین".
ئەو هەروەها گوتی، "بەڵام بەشێوەیەکی باش بەدرێژایی 87 خولەک ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد".
راهێنەری یوڤێنتوس باسی لەوەکرد کە تیپەکەی پێویستی بەفێربوون لە یارییەکە هەیە، وایدانا کە ئەوە هەلێکی باشە بۆ باشتربوونی ئاستی تیپەکەی لە داهاتوودا.
راهێنەری یوڤێنتوس پەسنی تواناکانی کۆبیماینەرزیدا، گوتی ئەو لە لووتکەی ئاستیدابوو و قوربانیی زۆریدا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هۆکاری پاشەکشەی یوڤێنتوس لە ماوەی رابردوودا، ئەو راهێنەرە گوتی، لەوانەیە ئەوە کاریگەریی دەروونیی چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ و جامی ئەڵمانیا بێت.
تۆدۆر رەتیدەکاتەوە بەراورد بکرێت بەهەر راهێنەرێکی دیکە، ئەو دەڵێ هەر راهێنەرە و شێوازی تایبەتی کارکردنی خۆی هەیە، من چاوم لەسەر گەشەپێدانی تیپەکەی خۆمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ