یانەی زاخۆ جارێکی دیکە سزادرا

05-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ هاندەرانی زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سزایەکی نوێی بەسەر یانەی زاخۆدا سەپاند، پاش رۆژێک لە سزادانی یانەکە، بەهۆی ئامادەنەبوونی راهێنەرەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا.
 
لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکردووە، لەبارەی رووداوەکانی یاریی نێوان زاخۆ و کارەبا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و گفتوگۆی لەبارەی راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی نێوان زاخۆ و کارەبا کردووە کە بەسەرکەوتنی زاخۆ بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هاتبوو.
 
لیژنەکە دەڵێ، گفتوگۆمان لەبارەی راپۆرتی ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری یارییەکەوە کرد، کە تێیدا هاتبوو، "دوای یارییەکە هاندەرانی زاخۆ بوتڵە ئاو و بەردیان گرتووەتە یاریزانانی کارەبا و ناوبژیوانان و هێزە ئاسایشپارێزەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووە".
 
راپۆرتەکە زیاتر تێیدا هاتووە کە "هاندەرانی زاخۆ هێرشیان کردووەتە سەر ژووری ناوبژیوانانی ڤار و گواستنەوەی تەلەڤزیۆنیی یارییەکە و هەوڵیانداوە دەستیان بگەیەننێ و ماوەی نیو کاژێر ناوبژیوانەکانیان لە ژوورەکەی خۆیاندا گەمارۆ داوە".
 
لیژنەکە دەڵێ، بەهۆی ئەو رووداوانەوە کەلەسەرەوە روونکرانەوە، بڕیارماندا بەبێبەشکردنی هاندەرانی زاخۆ لە ئامادەبوون لە یارییەکی یانەکەیان لەسەر یاریگەی خۆیان، هەروەها سزادانی یانەکە بەپێبژاردنی بڕی 25 ملیۆن دینار.
 
لیژنەکە دووپاتیکردووەتەوە ئەگەر کارەکە دووبارەببێتەوە، سزاکە تووندتر دەبێت و ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیارەکە دەکرێ پێداچوونەوەی پێدابکرێت، ئەگەر لایەنێک پەڵپ لە بڕیارەکە بگرێت.
 
ئەمە دووەم سزای لەسەریەکی یانەی زاخۆیە، پاشئەوەی دوێنێ هەمان لیژنەکە بڕیاریدا یانەکە بەسزادان بەپێبژاردنی بڕی 5 ملیۆن دینار سزا بدات، بەهۆی ئامادەنەبوونی تەڵاڵ بلووشی راهێنەری یانەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی پاش یاریی یانەکە بەرامبەر حدوود.
 
یانەی زاخۆ پاش ئەنجامدانی 22 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە بەکۆکردنەوەی 45 خاڵ، لە کاتێکدا زەورای دووەم 43 خاڵی هەیە و شورتە کە سێیەمی ریزبەندییەکەیە، بەئەنجامدانی 20 یاریی، 41 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە