ئامار و داتا.. زاخۆ لە هەموو شتێکدا پێشەنگە

11-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لە هەموو شتێکدا پێشەنگی ئەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و یاریزانان و هاندەرانی یانەکەش دەیانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە بکەن.
 
دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی گەڕی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، خولەکە گەیشتە نیوەی وەرز و زاخۆ بووە پاڵەوانی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا زاخۆ پلەی یەکەمی قۆناخی یەکەمی خولەکە بباتەوە.
 
لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمدا، زاخۆ بەرامبەر قاسم یارییکرد، یارییەکی لەبیرنەکراوی پێشکێشی هاندەرانی کرد و بۆ یەکەمجار لەو یانەیەی بردەوە، بەڵام چ بردنەوەیەک، بە 6 گۆڵ بەرامبەر 2 گۆڵ.
 
زاخۆ دوای بردنەوەی ئەو یارییە ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیاندە 38 خاڵ و پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
ئەحمەد ئیبراهیم، کاپتنی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "ئەوەی ئێستا لە زاخۆ هەیە، بەرهەمی پلاندانانی سەرەتای وەرزەکەیە، بردنەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکە پێشکێشە بە هاندەرانی یانەی زاخۆ."
 
ئەستێرەی یانەکە زیاتر گوتی "مافی خۆمانە، رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکەین، کارگێڕی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەمتەرخەمیان نەکردووە لە پاڵپشتیکردنی یانەکە و ئێمە وەکو یاریزانان دەمانەوێت شتێک بۆ زاخۆ بکەین، هاندەرانی یانەکە شایستەی ئەوەن."
 
یانەی زاخۆ نەک تەنیا پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، بەڵکو لە هەموو روویەکەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەم پێشەنگی هەموو یانەکانە.
 
زاخۆ هاوشانی تەڵەبە، لەم وەرزەدا خاوەنی زۆرترین بردنەوەن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و یانەکە 11 یاریی لەم وەرزەدا بردووەتەوە، زاخۆ زۆرترین گۆڵی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆمارکردووە و خاوەنی 36 گۆڵە، یانەی شورتە لە پلەی دووەمە بە تۆمارکردنی 30 گۆڵ.
 
گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هێرشبەرە بەرازیلییەکەی یانەی زاخۆیە، گوستاڤۆ هێنریکێ، دوای تۆمارکردنی هاتریک بەرامبەر یانەی قاسم، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 14 گۆڵ و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە، جگە لەوەش ئاسیستکاری خولەکەش هەر یاریزانی زاخۆیە و ئەمجەد عەتوان 9 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 
خاڵی کاریگەری یانەی زاخۆ، لەگەڵ ئاستبەرزیی یانەکە، پاڵپشتیی بەردەوامی هاندەرانی یانەکەیە، کە هەمیشە لە یاریگەدا ئامادەن و ئامادەبوونی رێژەی زۆری هاندەرانی یانەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەموو ئاسیا دروستکردووە.

یانەی زاخۆ


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە