لیڤەرپوول دەیەوێت زیاتر لە بردنەوەی پرێمەرلیگ نزیکببێتەوە

13-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیڤەرپوول
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیکببێتەوە، دوای ئەوەی یانەی ئارسیناڵی رکابەری کەوتە داوی یەکسانبوون و لەگەڵ برێنتفۆرد یەکسانوو.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 32ـی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی وێستهام یونایتد یاری دەکات.
 
لیڤەرپوول لە دوایین چوار یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگیشدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر یانەی فولهام دۆڕا، ئەمڕۆ یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتە سەر رێگەی بردنەوەکان.
 
ئەمە یەکەم یاریی یانەکەیە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی محەممەد سەڵاح لەگەڵ یانەکە و ئەستێرە میسرییەکە چاوی لە هاوکاریکردنی یانەکەیە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ.
 
لیڤەرپوول ئێستا بە جیاوازیی 10 خاڵ لەگەڵ ئارسیناڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەتر لە مسۆگەرکردنی نازناوەکە نزیکدەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە