رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتی بردنەوەیەکی دیکەی یانەی نەسڕی کرد و لە یانەی ریازیان بردەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ریاز یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
لە سەرەتای یارییەکەدا نەسڕ چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی یانەی میوان، بەڵام رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
لە لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، یانەی ریاز گۆڵی پێشکەوتنی لە رێگەی فایز سلێمانەوە تۆمارکرد و کریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆڕەبوو.
خولەکی 55 کریستیانۆ ئەنجامەکەی بۆ نەسڕ یەکسانکردەوە و تیپەکەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە.
لە خولەکی 63 کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵێکی زۆر نایابی تۆمارکرد، خێرایی لێدانەکەی گەیشتە 148کم لە کاژێرێکدا و ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 933 گۆڵ لە کاروانی وەرزشییدا.
بەم گۆڵە، رۆناڵدۆ مێژووییەکی دیکەی بۆ نەسڕ تۆمارکرد و گۆڵی ژمارە 900ـی یانەکە بوو لە خولی سعودیدا.
جگە لەوەش کریستیانۆ رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولی سعودی گەیاندە 23 گۆڵ و لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەیە.
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا ئەحمەد عەسیری، یاریزانی یانەی ریاز بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، نەسڕ یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەدا بووە خاوەنی 57 خاڵ و تەنیا یەک خاڵ لە هیلالی دووەمەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ