گواردیۆلا کەوتووەتە ناکۆکییەوە لەگەڵ یاریزانەکانی

13-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی مانچێستەر سیتی چامپیۆنزلیگ پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کێشە و ناکۆکی لە نێوان پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی و یاریزانەکانی لە ژووری جلگۆڕیندا سەریهەڵداوە، هەر ئەوەش هۆکارە بۆ پاشەکشەی ئەنجامەکانی تیپەکە لە چەند یاریی رابردوو.
 
مانچێستەر سیتی و گواردیۆلا لە دۆخێکی باشدانین. تیپەکە لە چوار یاریی رابردوودا دووچاری شکست بووە و ئەوەش یەکەمجارە لە ژیانی پێپ گواردیۆلادا روودەدات.
 
سیتی لە هەفتەکانی رابردوودا لە کاراباو کەپ بە تۆتێنهام دۆڕا، پاشان لە پرێمەرلیگ بە بۆرنمۆس و برایتن دۆڕا و لە چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆنا بەچوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، شکستی هێنا.
 
ماڵپەری 'فوت مێرکاتۆ'ی فەرەنسی دەڵێ، گواردیۆلا چاوەڕێی دەکرد یاریزانە ئەزمووندارەکانی وەک کایڵ واکەر، بێرناردۆ سێلڤا و ئیلکای گوندۆگان زۆر زیاتر پێشکێشی تیپەکە بکەن.
 
ماڵپەرەکە هەروەها دەڵێ، "راهێنەرە ئیسپانییەکە، بەتایبەت پێیوابووە کە کایڵ واکەر و ئێلکای گوندۆگان، بەتایبەت ئاستی زۆر باش پێشان بدەن و نەهێڵن تیپەکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی پێکرانی زۆری یاریزانان، پاشئەوەی لە ساڵانی پێشوودا رۆڵی گەورە و کاریگەریان بینی لە راگرتنی تیپەکە لە کاتی کێشەکاندا".
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، گواردیۆلا هەروەها لەو لێدوانانەی بێرناردۆ سێلڤا ناڕازیبووە کە گوتبوی یانەکە لە قۆناخێکی تاریکدا دەژی.
 
هۆکارێکی دیکەی ناکۆکی پێپ لەگەڵ یاریزانەکانی، وەک سەرچاوەکە دەڵێ، ناڕەزایی ئەو راهێنەرە ئیسپانییەیە لە رازیبوونی چوونی جاک گریلیش بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە کاتێکدا چەندین هەفتەیە بەهۆی پێکانەوە یاریی نەکردووە.
 
ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، پێپ بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرای گوتوە کە گریلیش لەسەداسەد ئامادەنییە بۆ یاریکردن، بەڵام ئەو هەر سووربووە لەسەر بانگهێشتکردنی یاریزانەکە.
 
راپۆرتەکەی 'فوت مێرکاتۆ' هەروەها ئاشکرایکردووە، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، دەمەقاڵە لە نێوان پێپ و کایڵ واکەر روویداوە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، دۆخی خراپی مانچێستەر سیتی و ناکۆکیی قووڵ لەگەڵ یاریزانەکان، سەریکێشاوە بۆ ئەوەی پێپ هەندێک لە خوە هەمیشەییەکانی خۆی بگۆڕێت، بۆ نموونە پێشتر هیچکات رووینەداوە پێپ بەدیار مەشقەکانی خۆگەرمکردنی یاریزانەکانییەوە لە یاریگەدا رابوەستێت، بەڵام ئێستا بەردەوام چاودێرییان دەکات و لە هەڵسوکەوتی هەموو یاریزانەکان، ورد دەبێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا، چارەنووسی پێپ گواردیۆلا لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی روون نییە. ئەو راهێنەرە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتاییدێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان دەڕوات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە لە تێکچوونی پەیوەندی نێوان پێپ و یاریزانەکانی، چونکە یاریزانەکان دڵنیانین لە بەردەوامبوونی راهێنەرەکەیان و ئەوەش جۆرێک لە دڵەڕاوکەی لەلا دروستکردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە