"باشترین رێگەچارە، جیابوونەوەی گواردیۆلا و سیتییە"

22-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی مانچێستەر سیتی پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیتمار هامان، یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی پێیوایە، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای یانەکە، جیابوونەوەیەتی لە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەکە.
 
مانچێستەر سیتی بەوەرزێکی ئاڵۆز و پڕ لە بەرزونزمدا گوزەر دەکات و لەسەردەستی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە پاشکۆی گەیشتن بەقۆناخی شانزە کرایە دەرەوە.
 
تیپەکەی گواردیۆلا لە رکابەریکردن لەسەردەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی ئەمساڵ دەستبەتاڵ دەرچووە، لە کاتێکدا ئەو تیپە لە دوایین چوار وەرزدا، مۆنۆپۆڵی نازناوی پرێمەرلیگی کردبوو.
 
هامانی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دەڵێ، "مانچێستەر سیتی دەبێ گۆڕانکاریی زۆر گەورە بکات و گومانم هەیە لەوەی پێپ گواردیۆلا بتوانێت ئەو گۆڕانکارییە بکات".
 
هەروەها دەڵێ، ئەگەر دەتەوێت تیپەکە دروست بکەیتەوە، دەبێ ئارام بگریت، بەڵام وزە و جۆشوخرۆشیشت هەبێت، من ئەوە لە گواردیۆلادا نابینمەوە.
 
سیتی گیرۆدەی دەستی پێکرانی زۆری یاریزانەکانی بووە. ئەگەرچی تیپەکە نزیکەی 300 ملیۆن یۆرۆی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا بۆ کڕینی یاریزانان خەرجکردووە، بەڵام نەیتوانیوە هاوسەنگی بەدەست بهێنێتەوە.
 
پێپ گواردیۆلای راهێنەر لە ماوەی رابردوودا بۆ دوو ساڵی دیکە گرێبەستەکەی نوێکردەوە و بڕیارە لەگەڵ تیپەکە بەردەوام بێت، ئەگەرچی گوشاری زۆری میدیاکانی لەسەرە.
 
هامان دەڵێ، لەوانەیە باشترین چارەسەر، لێکجیابوونەوەی پێپ و سیتی بێت.
 
تاکە نازناوی بەردەست بۆ مانچێستەر سیتی لە وەرزی ئەمساڵدا، جامی یەکێتیی ئینگلتەرایە. تیپەکە لە رکابەریکردن لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان چووەتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە