رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەشتەرگەری لە قاچیدا، ناسان ئاکێی بەرگریکەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بۆ ماوەی دە تاوەکو یانزە هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری سیتی هەواڵەکەی راگەیاند و سەرچاوە ئینگلیزییەکان دووپاتیانکردەوە وەرزەکەی ئەو بەرگریکەرە کۆتایی هاتووە، چونکە ناتوانێت تاوەکو کۆتایی وەرزەکە بگەڕێتەوە.
ئەو یاریزانە 30 ساڵانە، لە نێوان هەردوو گێمی یاریی یانەکەی بەرامبەر بلیمۆس لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، بەناچاری یاریگەی بەجێهێشت، پاشئەوەی پێکانەکەی نوێ بووەوە.
گواردیۆلا گوتی، ئەو ئەمساڵ زۆر بەدەست کێشەکانی قاچییەوە ناڵاندی.
هەروەها روونیکردەوە، "کاتێک بابەتەکە بگاتە نەشتەرگەری، ئیدی ئەوە رووداوەکە گەورەیە. کاتێک نەشتەرگەری دەکەیت، مانای وایە کێشەیەک هەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت".
مانچێستەر سیتی لە وەرزی ئەمساڵدا، کێشەی زۆری بەدەست پێکرانی بەردەوامی یاریزانەکانییەوە هەبوو، هەریەکە لە جۆن ستۆنز و مانوێل ئاکانجی بەرگریکەرانی تیپەکە بەشداری یاریی داهاتووی تیپەکە بەرامبەر نۆتێنگهام ناکەن.
سیتی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا چەندین گرێبەستی ئەنجامدا. لە هێڵی بەرگریدا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ عەبدولقادر خوسانۆڤی بەرگریکەری لانسی فەرەنسی و ڤیتۆر ریێس لە پاڵمێراسی بەرازیلییەوە کرد.
گواردیۆلا پێیوایە، کاریگەریی خوسانۆڤ گەورەبوو، ئەو دەڵێ، "کاریگەرییەکەی زۆر باشبوو، ئەو چەند خولەکەی سەرەتای لێدەرچێت بەرامبەر چێڵسی، دەنا بەگشتی ئاستێکی باش پێشاندەدات".
گواردیۆلا رایگەیاندووە لەبەر پێویستیی تیپەکەی بەبەرگریکەران، بەرگریکەرە لاوەکانی ئەکادیمیای یانەکە بەشدارییان لە مەشقەکانی ئامادەسازیی بۆ یارییەکەی نۆتێنگهام کردووە.
نۆتێنگهام ئەمساڵ ئاستێکی ناوازە پێشکێشدەکات و بەجیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لە پێش سیتییەوە، پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ