ڤیدیۆ؛ پاڵەوانی ئەوروپا و فەیلەسووف چییان بەسەرهاتووە؟

07-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
پێپ گواردیۆلا
پێپ گواردیۆلا
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەکئەوەی مانچێستەر سیتییەکەی سەردەمی جارانی بێهێوایی و بێئومێدی بێت و هێشتا لێشاوی وەبەرهێنەرە ئیماراتییەکان لە یانەکەدا دەرنەکەوتبێت. وەکئەوەی تیپەکەش و تەنانەت دونیای تۆپی پێش هێشتا فەیلەسووفێکی وەک پێپ گواردیۆلا و بیرۆکە تاکتیکییە مەزنەکانی ئەویان نەناسیبێت، مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا تیپێکی سەرلێشێواوە زیاتر لە رکابەرێک.
 
دوای سێ یەکسانبوون لە هەفتەکانی پێشوودا، بەرامبەر چێڵسی، لیڤەرپوول و تۆتێنهام، رووکردنە ڤێلا پارک، ئەو ساتەبوو هەمووانی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ئیدی دەبێ ستۆپ بکەین و رابمێنین لەوەی لە مانچێستەر سیتی چی روودەدات.
 
شکستی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی سیانەی مێژوویی وەرزی رابردوو، لە نێویاندا یەکەمین چامپیۆنزلیگ لە مێژووی یانەکەدا، بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا، پێویستیی ئەوەی هێنایە ئاراوە هەمووان بپرسن ئەوەی لە سیتی روودەدات چییە؟ هۆکار چیە و لە کۆتاییدا دەرئەنجام بەرەو کوێ دەڕوات.
 
سیتی پێپ گواردیۆلا، دونیای بەوە فێرنەکردووە یارییەک و دووان و سیان یەکسانبێت و دواتر پەرچەکرداری ئەوە بێت کە لە یارییەکی دیکەدا بدۆڕێت. پێپ هەموو کات و لە هەر شوێن و خولێک بووبێت، تیپێکی دروستکردووە، وەک کوفر تەماشای شکستی کردووە و هەردەم لە بەرامبەر شکستی لەناکاودا پەرچەکرداری تووندی هەبووە و زووش گەڕاوەتەوە سەر راستەڕێی بردنەوە.
 
شکستهێنان بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا، سەرەتای دەرکەوتنی کێشەکانی ئەمساڵی مانچێستەر سیتی نەبوون، بەڵکو تەواو روونبوونەوەی ئەو راستییە بوون کە تیپەکە ئەمساڵ هێز و گوڕ و جۆشوخرۆشی وەرزی رابردووی بۆ بردنەوە نییە. چونکە بەر لە دوایین چوار ئەنجامی خراپ لە پرێمەرلیگدا، سیتی پێشتر دوو یاریی لەسەریەک بەرامبەر ولڤێرهامتن و ئارسیناڵ دۆڕاندبوو، بەڵام دواتر گەڕابووەوە سەر رێچکەی خۆی.
 
شکستەکەی نێو ڤێلا پارک، زنجیرەیەک ژمارەی نێگەتیڤی لە مێژووی کارکردنی پێپ لەگەڵ سیتیدا نووسییەوە، بەڵام لەوە خراپتر ئەوەبوو کە ئەو تیپە بۆ ریزبەندی چوارەمی پرێمەرلیگ دابەزی و شوێنی پێشووی خۆی بۆ ئاستۆن ڤێلا بەجێهێشت. تیپەکەش شەش خاڵی تەواو لە ئارسیناڵی پێشەنگ دوورکەوتەوە.
 
ئەوەی زیاتر سەرنجەکان دەباتە سەر سیتی و تیپەکە دەخاتە ژێر گوشاری زۆرترەوە، ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ رکابەرییەکی تووندتر لە ساڵانی پێشوو و ئامادەبوونی تیپی زیاتری بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە پێشانداوە. لە کاتێکدا سیتی هەفتە لە دوای هەفتە پاشەکشە دەکات، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، ئاستۆن ڤێلا و تۆتێنهام زیاتر و زیاتر بەرەو پێش دەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە