رووداو دیجیتاڵ
هەنگاوێکی دیکە بەئاراستەی مسۆگەرکردنی نازناوی بۆندێسلیگا و جارێکی دیکە بێئومێدکردنەوەی رکابەرەکانی، ئامانجی بایرن میونشنە لە دێرکلاسیکێر ئەمشەودا بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لەسەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنا.
بایرن میونشن ئەگەرچی لە شکستێکی ئازاردەری چامپیۆنزلیگەوە بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی هاتووە، بەڵام لە یارییەکەی ئەمشەودا کاریگەربوون بەهەموو ئەو رووداوانە لەبیر دەکات، چونکە دەیەوێت لە نزیکبوونەوەی زیاتر لە نازناوی بۆندێسلیگای ئەمساڵ، بەردەوام بێت.
بایرن لە یاریزانێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی وەک جەمال موسیالا بێبەشە، بەڵام گەڕانەوەی ئۆپامیکانۆ بۆ پێکهاتەکە و ژمارەکانی هێرشبەرانی یانەکە لە خولی ئەڵمانیا، مایەی گەشبینی دەبن بۆ ڤینیسنت کۆمپەنیی راهێنەر، کە نایەوێ بەشکستێکی دیکە، دۆخی تیپەکەی هێندەی دیکە بشێوێت.
هەرچی بۆرووسیا دۆرتموندە، ئەگەرچی ئەو تیپە لەنێو بازنەی ململانێ لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی بۆندێسلیگادا نییە و لە ریزبەندی خولەکەدا پلەی هەشتەمی بەدەستەوەیە، بەڵام هەموو کات لە کلاسیکێردا، لایەنێکی بەهێز و هەوڵدەر بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، یانە زەردەپۆشەکەیە.
دۆرتموند ئیلهامی سەرکەوتن لە دێرکلاسیکیێری ئەمجارە لە دوو خاڵەوە وەردەگرێت، یەکێکیان ئەنجامی باشی دوواین دوو یاریی بەرامبەر بایرن و دووەمیان، گەڕانەوەی تیپەکە بۆ ململانێ لەسەر کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی وەرزی داهاتوو.
هاتنی نیکۆ کۆڤاچ بۆ مەشقدانی بۆرووسیا، کەمێک لە دۆخی تیپەکەی لە نێوخۆی خولی ئەڵمانیادا گۆڕیوە و دوو بردنەوەی لەسەریەک لە دوو گەڕی رابردوو، خەونی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەورووپیەکانی وەرزی رابردووی زیندووکردووەتەوە.
کۆڤاچ کە پێشتر راهێنەری بایرنیش بووە، لەبەردەم گرێیەکدایە بەرامبەر بەزەبەلاحەکەی باڤاریا، چونکە پێشتر لە هەر کوێ بووبێت، نەیتوانیوە لە بایرن بباتەوە. پرسیار ئەوەیە دۆرتموند ئەمشەو ئەو گرێیە دەکاتەوە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ