مانچێستەر سیتی بۆ شوێنگرتنەوەی رۆدری، گورزێکی کوشندە لە ریال دەدات

11-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر سیتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی مانچێستەر سیتی، بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، گورزێکی کوشندە لە ریال مەدرید بدات، لەپێناو پڕکردنەوەی بۆشایی رۆدری.
 
رۆدری، براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا دووچاری پێکانێکی سەخت بوو کە بەهۆیەوە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ ناگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
لە دوای پێکرانی رۆدرییەوە، مانچێستەر سیتی بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و چوار یاریی رابردووی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دۆڕاندووە.
 
میدیای ئینگلتەرا گوتویانە، کارگێڕیی سیتی، بڕیاریداوە بەزوویی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک بکات، بۆ شوێنگرتنەوەی دۆردی و ئەو یاریزانەش دەکرێ لە ریال مەدرید بێت.
 
میدیاکان دەڵێن، پێپ گواردیۆلا، فیدی ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری ریال مەدریدی دەستنیشانکردووە بۆ شوێنگرەوەی رۆدری.
 
رۆژنامەی 'میرۆر' دەڵێ، مانچێستەر سیتی بڕی 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ هێنانی ناوەڕاستکارێک تەرخانکردووە، سەرنجی سەرەکیشی لەسەر ڤاڵڤێردییە.
 
ئەو رۆژنامەیە زیاتر روونیکردووەتەوە، کە هەمووان لە سیتی پێیانوایە هاتنە دەرەوەی ڤاڵڤێردی لە یانەی شاهانە لەم کاتەدا مەحاڵە، لەبەرئەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2027 و هیچ ویستێکیشی بۆ چوونە دەرەوە لە ریال مەدرید نییە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەگەر مانچێستەر سیتی لە بەدەستهێنانی ڤاڵڤێردی بێئومێد بێت، بژاردەی دووەمی بریتییە لە مارتن زوبیمێندی، ناوەڕاستکاری ریال سۆسیێداد.
 
رۆژنامەکە زیاتر ئاشکرایکردووە، کە بەدەستهێنانی زوبیمێندی زۆر ئاسانترە بۆ سیتی، چونکە تەنیا پێویستی بە 60 ملیۆن یۆرۆ هەیە بۆ رازیکردنی سۆسیێداد و سیتیش ئەو بڕە پارەیەی ئامادەیە.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی گەشبینی لە گرێبەستکردنی سیتی لەگەڵ زوبیمێندی ئەوەیە کە ئەویش ئیسپانییە و رۆدری خۆی بەئاسانی دەتوانێت ئەو یاریزانە بەچوونە سیتی رازی بکات.
 
هاوینی رابردوو، یانەکانی لیڤەرپوول، ئارسیناڵ و بارسێلۆنا هەوڵی بەدەستهێنانی زوبیمێندییاندا، بەڵام ئەو یاریزانە پێیباشبوو وەرزێکی دیکەش لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
 
زوبیمێندی لە ئەکادیمیای ریال سۆسیێداد پێگەیشتووە، بەشداری لە 203 یاریی لەگەڵ ئەو یانەیە کردووە و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2027ە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە