رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، باوکی رۆدریگۆی ئەستێرەی هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، بەنهێنی لەگەڵ نوێنەرانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کۆبووەتەوە، لەپێناو گواستنەوەی کوڕەکەی بۆ یانەکە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، "پێناچێ رۆدریگۆ لە ریال مەدرید دڵخۆش بێت، بەهۆی بوونی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ و ئەو جەنگە نهێنییەی لەنێوانیاندا هەیە، لە کاتێکدا ئەو دووانەیە زۆرترین پەسندان بەدەست دەهێنن و هەمیشە مانشێتی رۆژنامەکانن، کەچی رۆدریگۆ بەهەمان ئاستی ئەوانەوە دەردەکەوێت لە هێرشبردن و گۆڵکردندا و لە بەرگریدا لەوان بەشداریی زیاترە، بەڵام کەس باسی ناکات".
رۆدریگۆ یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ریال مەدرید، لە شوێنی هەستیار و گرنگدا چەندینجار ریال مەدریدی لە شکست رزگارکردووە، بەڵام هیچکات وەک پێویست لەلایەن میدیاکانەوە سەرنجی ناخرێتە سەر.
ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، کاتێک وێنەی ئەو لەپاڵ ڤینیسیۆس و ئێمباپێ و بێلینگهام لابرا، نەیشاردەوە کە هەست بەبێزاری دەکات و گوتی، "زۆرینەی جار من بۆشاییەکان پڕدەکەمەە و ئەوەش کەمێک بێزارم دەکات".
بەپێی ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، باوکی رۆدریگۆ لەماوەی رابردوودا بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسانی مانچێستەر سیتیدا کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکەش لەپێناو رازیکردنی ئەو یاریزانەیە بۆ چوونە مانچێستەر سیتی، لە کاتێکدا پێپ گواردیۆلا پێشتر سەرسامیی خۆی بەتواناکانی دەربڕیوە و هەوڵدەدات گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
نوێنەرانی مانچێستەر سیتی، پەیامی پێپ گواردیۆلایان بەباوکی یاریزانەکە گەیاندووە، دڵنیایان کردووەتەوە کە کوڕەکەی لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا دەبێت لە باڵی راست و رێز لە درەوشانەوەی دەگیرێت، ئەوەش هەمان ئەو شتەیە کە ئەو یاریزانە بەشوێنیدا دەگەڕێت.
رێگری گەورە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکە، ماوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە تەمەن 24 ساڵەیە لەگەڵ یانەکە کە تاوەکو 2028 گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە.
نوێنەرانی سیتی داوایانکردووە، بەرلە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ، رۆدریگۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە، تاوەکو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، سیتی هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە بدات و بیکاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی رۆدریگۆ لەگەڵ ریال مەدرید، یەک ملیار یۆرۆیە، ئەگەر ریال مەدرید رازی نەبێت دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بکات، ئەوکات ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک لە یانەکە بڕوات تاوەکو یانەی بەرامبەر، یەک ملیار یۆرۆ نەدات بە ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ