رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پەیامێکی بەبۆنەی وازهێنانی رافایێل نادال، لە یاریی تێنس بڵاوکردەوە و دەڵێت "هەمیشە سەرچاوەی شانازی بووە بۆ ئێمە."
یانەی ریال مەدرید لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "ریال مەدرید و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت سۆز و خۆشەویستی خۆی بۆ یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی وەرزشی ئیسپانیا و نێودەوڵەتی لە هەموو سەردەمێکدا پێشانبدات."
لۆس بلانکۆس لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "بۆ ئێمە و هەموو هاندەرانی ریال مەدرید، هەمیشە سەرچاوەی شانازی وەکو یەکێک لە ئەندامانی شانازی یانەکەمان، هەروەها ئێمە لە ریال مەدرید سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ پشتگیرکردنی ریال مەدرید و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی یانەکەمان لەسەر ئاستی هەموو جیهان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ریال مەدرید بۆ نادال نووسیوویەتی "هیوای سەرکەوتن بۆ رافا نادال و ماڵباتەکەی دەخوازین لە قۆناخی نوێی ژیانیدا."
نادال پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ یانەی ریال مەدیرد هەیە و یەکێکە لە هاندەرە سەرسەختەکانی یانەکە، پێشتر گوتبووی "دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان ببمە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆمێنتێکدا لەبارەی وازهێنانی رافایێل نادال، بۆ تێنسزانە ئیسپانییەکەی نووسیووە "رافا، چ پیشەیەکی سەرسوڕهێنەرە، خۆبەخشی، خولیا و بەهرە سەرسوڕهێنەرەکەت ئیلهابەخش بووە بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا، شایەدی گەشتەکەت بووم و توانیم بە هاوڕێی خۆمت بزانم، ئەمە بۆ من شانازییەکی زۆرە، پیرۆزبایی ئەم کاروانە سەرسوڕهێنەرەت لێدەکەم، چێژ لە وازهێنانەکەت وەربگرە."
رافایێل نادال، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 10-10-2024 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوای 23 ساڵ یارییکردن و بردنەوەی 92 نازناوی جیاواز، بڕیارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ