کریستیانۆ رۆناڵدۆ: حەزم لێیە هەمیشە بۆ خەڵک بسەلمێنم کە هەڵەن

10-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لە بەردەوامی پۆدکاستەکەیدا لەگەڵ ریۆ فێردیناند، باسی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "یاریکردن بۆ ریال مەدرید شەرەفێکی گەورەیە".
 
رۆناڵدۆ باسی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "ریال مەدرید هەرگیز لە ژێر گوشاردا تووشی دڵەڕاوکێ نابێت، ئەوە راستییەکە". هەروەها دەشڵێت "ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا بەدبەختە".
 
کریس زیاتر پەسنی ریال مەدرید دەدات و دەڵێت "مێشکی ریال مەدرید هەمیشە ئامادەیە بۆ هەموو ساتێکی گەورە. بێرنابیۆ هەمیشە ئامادەیە، ئەوان هەیبەت و کەسایەتی خۆیان هەیە. وزە لەنێو یاریگای بێرنابیۆدا هەمیشە جیاوازە لە هەر یاریگایەکی دیکە".
 
رۆناڵدۆ زیاتر لەبارەی ریال مەدریدەوە، دەڵێت "تیپێکی نایاب و یاریزانی نایابی هەیە، ئێمباپێشیان دەستکەوت، ئەوان تیپێکی نایاب و بەهێزن".
 
کاتێک ریۆ فێردیناند لێیپرسی ئایا لە وەرزی رابردوو باشتر دەبن؟ رۆناڵدۆ گوتی "کەس نازانێت، با چاوەڕێ بین و بزانین".
 
دۆن گوتیشی "یاریکردن بۆ ریال مەدرید شەرەفێکی زۆر گەورەیە. لەگەڵ ریال مەدرید هەموو شتێکم دەستکەوت.. مەدریدم خۆشدەوێت".
 
ئەو دەڵێت "کاتێک چوومە ریال مەدرید گرانترین یاریزان بووم لە مێژوودا و گوشارێکی زۆرم لەسەربوو، بەڵام متمانەم بەخۆم هەبوو. متمانەم بە کوالیتی و بەهرەکەم هەبوو".
 
ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، گوتیشی "پێش ریال مەدرید لەگەڵ یونایتدیش هەموو شتێکم بەدەستهێنا، لەگەڵ یونایتد خەڵاتی باڵۆن دۆرم بەدەستهێنا.. بەڵێ لە مانچێستەریش هەموو شتێکم بەدەستهێنا".
 
ئەو دەڵێت "کاتێک پەیوەندیم بە ریال مەدریدەوە کرد گوتم مێژوو دەنووسمەوە. لەگەڵ ریال مەدرید مێژووم نووسییەوە وەک چۆن لەگەڵ مانچێستەر یونایتدیش نووسیمەوە. لەگەڵ ریال مەدرید بووم بە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە و چوارجار نازناوی چامپیۆنزلیگم بەدەستهێنا و هەموو شتێکم لەگەڵیان بەدەستهێنا".
 
کریستیانۆ لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ فێردیناند، باسی کیلیان ئێمباپێی دەکات و دەڵێت "ئێمباپێ لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەگەڵ هالاند، هەروەها جود بێلینگهام لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆریش هەن، هەروەها لامین یامال".
 
ئەو زیاتر گوتی "کیلیان ئێمباپێ کاری نایاب لەگەڵ ریال مەدرید دەکات. ریال مەدرید یانەیەکی خاوەن پێکهاتەیەکی نایاب و تیپێکی تۆکمە و بەهێزە، راهێنەرەکە زۆر باشە و سەرۆک ساڵانێکی زۆرە لەوێیە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئاماژەی بەوەش کرد "من کەسێکم کە بەدرێژایی کاروانی تۆپی پێم زۆر حەزم لە ئاڵنگارییە. هەمیشە حەزم لێیە بۆ خەڵک بسەلمێنم کە هەڵەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە