رووداو هەولێر
لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بۆ کیشوەری ئاسیا، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 21:00 لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە، هەڵبژاردەی عێراق میوانداریی هەڵبژاردەی فەلەستین دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق دوێنێ یەکەم یەکەی راهێنان و ئامادەکاری بۆ یارییەکە ئەنجامدا، هەڵبژاردەی فەلەستین دوو رۆژە گەیشتووەتە بەسرە و دوو یەکەی راهێنانی ئەنجامداوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی هونەری و ئەمنی یارییەکە ئەنجامدرا، هەڵبژاردەی عێراق بە درێسی سەرەکی کە رەنگی سپییە یاریدەکات، هەڵبژاردەی فەلەستین بە درێسی سوور یاریدەکات.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا نیگەرانییەکی زۆری لەسەر بارگرژی و شەڕی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی لوبنان و فەلەستین لەگەڵ ترسی هێرشکردنە سەر عێراق ئاشکراکرد، ئەمڕۆش لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "هیوادارام ئاشتەوایی باڵبکێشێت بەسەر هەموو وڵاتانی جیهان، یارییەکی گرنگمان لەپێشە و یاریگە و پاڵپشتی هاندەران دەبێت بە خاڵی بەهێزمان، لە یاریی رابردوومان دوو خاڵی گرنگمان بەهۆی هەڵەی ناوبژیوان لەدەستدا".
هەڵبژاردەی عێراق لە دوو یاریی رابردوویدا لە عومانی بردەوە، دواتر بەرامبەر بوو بە هەڵبژاردەی کۆێت.
کاساس زیاتر گوتی "فەلەستین لە رووی هێرشبردن و بەرگرییەوە تیپێکی بەهێزە، بەڵام ئێمە بە وردی شیکرنەوەمان بۆ شێوازی یاریکردنیان کردووە، ئێمە جارێ بڕیارمان لەسەر پێکهاتە نەداوە، بەردەوام لە دوایین یەکەی راهێنان پێکهاتە دیاریدەکەین".
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، تەندروستی زۆر باشە و گەڕاوەتەوە ریزی تیپەکەی و ئامادەیە بۆ یاریکردن، چاوەڕواندەکرێت لەم یارییەدا بەشداری بکات، راهێنەری عێراق جەختیکردەوە "ئەیمەن حوسێن ئامادەیە بۆ یاریکردن، هێشتا بڕیارم لەسەر ئەوە نەداوە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات یان لە گێمی دووەم بەشداری پێ دەکەم".
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی عومان، کوێت، فەلەستین، ئوردن لەگەڵ کۆریای باشوور دەکات.
هەڵبژاردەی فەلەستین یارییەک یەکسانبووە و یارییەکیش دۆڕاوە، تیپەکە خاوەن خاڵێکە، مکەڕەم دبوب، راهێنەری هەڵبژاردەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر عێراق، گوتی "یارییەکەمان ئاسان نییە و کێشەی سەرەکیمان پێکانی یاریزانانمانە، وەستانی خولی ناوخۆیی بۆ ماوەی ساڵێک کێشەیەکی دیکەی تیپەکەمە، دەمانەوێت بێهیوا نەبین لە گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیال".
گەیشتن بە مۆندیالی 2026 پڕۆژەیەکی گەورەی عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە، بە هاوکاری حکومەتی عێراق گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ خیسوس کاساسی راهێنەری ئیسپانی کردووە و ئەم راهێنەرە بووەتە هیوای عێراقییەکان.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا جارێک بەشداری لە مۆندیالدا کردووە، لە ساڵی 1986 لە مەکسیک و تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ