سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پشتگیری خۆی بۆ کاساس دووپاتدەکاتەوە

30-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن ئەیمەن حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکەی کۆدەبێتەوە و پشتگیری خۆی بۆ خیسوس کاساسی راهێنەری تیپەکەی دووپاتدەکاتەوە. 

 

لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی ئوردن بووەوە، یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 پێدۆڕاند و ماڵئاوایی لە جامەکە کرد. 
 
عەدنان درجال، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت "من سوپاسی هاوخەمیتان دەکەم، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و نابێت بێئومێد بین، دەبێت بە بەهێزییەوە بگەڕێینەوە و سەرنجمان لەسەر پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال بێت."
 
درجال زیاتر دەڵێت "بەشداریکردمان لە جامی ئاسیا پڕ بوو لە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی، پێویستە  لە هەڵەکانمان فێربین بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی داهاتوومان باشتربن."
 
دواتر سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پشتگیری خۆی بۆ کاساس و دەستەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە باوەڕێکی زۆرمان بە دەستەی را‌هێنەرانی هەڵبژاردەکەمان هەیە کە کاساس سەرپەرشتی دەکات، چونکە تیپەکەمان بووەتە جێگەی سەرنجی هەمووان، ئێمە پێویستە بەردەوامبین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سەربکەوین و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستبهێنین."
 
دواتر درجال باس لەو پشێوی و ئاژاوەیە دەکات کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی عێراق و ئوردن روویدا و دەڵێت "هەمووان سەریان سوڕماوە بەوەی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا روویدا، ئەوە رەنگدانەوەی میدیای عێراقی نییە، نابێت ئەو پشێوییە رووبدات و کار لەسەر نێوبانگی ئێمە لەسەر ئاستی عەرەبی و ئاسیادا بکات، دەبێت بە تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوەدا بکرێت."
 
کاساس لای خۆیەوە دەڵێت "ئامانجی ئێمە لە جامی ئاسیا ئەوەبوو بگەینە دوورترین خاڵی پاڵەوانێتییەکە، بەرامبەر ئوردن شایستەی دۆڕان نەبووین، ئێمە لە ئەنجامەکەدا لە پێش بووین، بەڵام دەرکرانی ئەیمەن حوسێن بە کارتی سوور هەموو شتێكی گۆڕی. دەرکرانمان لە جامی ئاسیا دوو ئەوەندە هێزمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بگەینە مۆندیالی داهاتوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە