ڤیدیۆ؛ مانچێستەر یونایتد لە ئۆڵترافۆرد میوانێکی رەزاگرانی دەبێت

09-03-2025
ئیحسان تاهیر
مانچێستەر یونایتد - ئارسیناڵ 19:30
مانچێستەر یونایتد - ئارسیناڵ 19:30
نیشانەکردن ئارسیناڵ مانچێستەر یونایتد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مانچێستەر یونایتد جارێکی دیکە بە ورەیەکی خراپەوە یارییەکی زەحمەت لە پرێمەرلیگ ئەنجام دەدات و لەنێو ئۆلترافۆرددا میوانداریی ئارسیناڵ دەکات، کە ئەمەی دواییش سەرەڕای مانەوەی لە پلەی دووەمی ریزبەندیی، لە ئاستی داواکاریی هاندەرانیدا نییە و 16 خاڵ لە لیڤەرپوولی یەکەمەوە دوورە.
 
دوای سێ رۆژ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ، کە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ریال سۆسیداد بەئەنجامی 1-1 یەکسانبوون، سەرنجەکان دەگەڕێنەوە سەر یارییە ناوخۆییەکان، پێش ئەوەی پێنجشەممەی داهاتوو یاریی گەڕانەوەی یۆرۆپالیگ لە ئۆڵدترافۆرد ئەنجام بدات، بۆیە بردنەوەی ئەم یارییە هەم بۆ چاککردنەوەی بەشێک لە ماڵە خاپووربووەکەی پرێمەرلیگ و هەم بۆ ورەبەرزی پێش یارییە گرنگەکەی یۆرۆپالیگ گرنگە.
 
مانچێستەر یونایتدی ئامۆریم لەوانەیە خراپترین تیپی دوایین بیست ساڵی مان یونایتد بێت، کە ئێستا پلەی 15ـی ریزبەندیی گرتووە، واتا مەترسی دابەزینی لەسەرە کە ئەگەر ئەوە رووبدات دەبێتە گەورەترین سکانداڵ لە مێژووی تۆپی پێی ئینگلتەرادا.
 
ئەگەرچی یاریی رابردوویان لە ئیپسویچ تاون بردووەتەوە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی گوشار لەسەر راهێنەر و یاریزانانەوە کەم ببێتەوە، بەتایبەتیش کە بەرامبەر ئارسیناڵی دووەمی ریزبەندی یاری دەکات.
 
تیپەکەی روبێن ئامۆریم لە دوایین پێنج یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وێڕای ئەوەش لە گەشتەکەی ئیسپانیادا، مان یونایتد بەبێ هەردوو یاریزان مانوێل ئۆگارتی و هاری ماگوایەر یاری کرد، بەهۆی پێکان کە ئەوکات بە پێکانی سووک وەسفکرا، بەڵام هەردوو یاریزانەکە تاوەکو ئێستاش گومانیان لەسەرە، کە بێگومان یارینەکردنی ئەم دووانە رێگاکە بۆ هێرشبەرانی ئارسیناڵ بەرەو گۆڵی مان یو ئاسانتر دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە تیپەکەی میکێل ئارتێتا لە ئاستێکی باشدایە و بە ورەیەکی باشەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، دوای ئەوەی لە دوایین یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا 7-1 لە ئایندهۆڤنی بردەوە.
 
هەردوو یانە بەدەست کێشەی پێکانەوە دەناڵێن و دەبێت ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەتایبەتی مان یو، کە هەرچەندە چیدۆ ئۆبی دوای ئەوەی بەشداری لە یارییەکەی یۆرۆپالیگ نەکرد، جارێکی دیکە ئامادەیە، بەڵام پاتریک دۆرگوی بەرگریکاری باڵ بەهۆی کارتە سوورەکەیەوە لە یارییەکەی بەرامبەر ئیپسویچ یاری ناکات. لیساندرۆ مارتینێز و ئامادا دیالۆ دوو یاریزانە کاریگەرەکەی ئامۆریم وەرزیان کۆتاییهاتووە. 
 
هەرچۆنێک بێت ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگە، بەڵام بێگومان بۆ تیپی خاوەن ماڵ گرنگترە، چونکە دۆڕانی ئەم یارییە ئەو یانە گەورەیەی مێژووی ئینگلتەرا نزیکتر دەکاتەوە لە سکانداڵێک کە کەس نایەوێت بیریشی لێبکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە