راوێژکارێکی ڤینیسیۆس باسی چوونی ئەو یاریزانە بۆ خولی سعودیە دەکات

07-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر یانەی ریال مەدرید خولی سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدواردۆ پیکسۆتۆ، راوێژکاری میدیایی، ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە دانوستاندنی یانەکانی سعودیە لەگەڵ ئەو یاریزانە و چوونی بۆ خولی سعودیە کردووە.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا، سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکرد، یانەکانی سعودیە گەڕێکی دیکەی هەوڵدانیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەستپێکردووە، لەپێناو رازیکردنی بەیارییکردن بۆ یانەیەکی خولی رۆشن.
 
سەرچاوەکان دووپات لەوە دەکەنەوە، یانەکانی هیلال و ئەهلی، لە رێگەی سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەوە، دەستەوارەی خەیاڵییان پێشکێشی ڤینی کردووە.
 
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، دەستەوارەکەی سعودیە بۆ ڤینیسیۆس بریتی بووە لە 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ شکاندنی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید، هاوکات پێدانی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک موچە بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
 
ئێدواردۆ پیسکۆتۆ، راوێژکاری میدیایی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'ریازییە'ی سعودی ئاشکرایکردووە دانوستاندنی نێوان ڤینی و یانەکانی سعودیە ئێستا وەستاوە. ئەو دەڵێ، "لە مانگی هەشتی رابردووەوە هیچ یانەیەکی سعودیە پەیوەندی بەو یاریزانەوە نەکردووەتەوە".
 
پیسکۆتۆ، رەتیدەکاتەوە هیچ قسەیەک لەبارەی چارەنووسی ئەو یاریزانەوە بکات و دەڵێ، "مەحاڵە لەبارەی چارەنووسی ئەوەوە قسە بکەم، بەتایبەت کە ئێستا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمیی نوێ لەئارادا نییە"
 
گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2027ە بەمەرجی سزایی یەک ملیار یۆرۆ.
 
لە ماوەی رابردوودا، پاش بەدەستنەهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکرد کە یانەی ریال مەدرید دەیەوێت وەک پاداشتی دڵدانەوەی ڤینیسیۆس، گرێبەستی ئەو یاریزانە نوێبکاتەوە و مووچەکەشی زیاد بکات.
 
لای خۆیەوە، خوان کامیلۆ، گوتەبێژی یانەی ریال مەدرید، قسەکردنی لەبارەی ئەو هەواڵانەوە رەتکردەوە و دەڵێ، "ئێمە باسی هیچ پڕوپاگەندەیەک ناکەین، هەموو شتێک لای ئێمەوە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە قسەی لەبارەوە دەکرێت".
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆری 24 ساڵ، کە هاوینی 2018 پەیوەندی بەریال مەدریدەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 280 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە و 92 گۆڵی هەیە، لەگەڵ 82 ئەسیست.
 
ماڵپەری 'ترانسفێر مارکێت'ی تایبەت بەبەهای گرێبەستی یاریزانان دەڵێ، بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەدا بەرزترینی جیهانە و 200 ملیۆن یۆرۆیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە