رووداو دیجیتاڵ
مشتومڕ لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید سەبارەت بە داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی لە زیادبووندایە، چونکە دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە یانە سعودییەکان سوورن لەسەر گواستنەوەی بەپێی گرێبەستێک کە دەتوانێت بەهۆیەوە ببێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لە مێژووی تۆپی پێدا.
لە کاتێکدا یاریزانەکە خۆی هەوڵدەدات کاریگەری ئەو هەوڵانەی سعودیە کەم بکاتەوە، بەڵام پێدەچێت هاوڕێکانی هەست بکەن کە جوڵەیەکی راستەقینە لەپشت پەردەوە هەیە.
گاڵتەکانی ڤینیسیۆس گومان لای هاوڕێکانی دروست دەکات
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی نێو یانە شاهانە، ڤینیسیۆس لەگەڵ هاوڕێکانی گاڵتەیان بە دەستەوارەکانی سعودیە کردووە، بەڵام ئەم گاڵتەجاڕییە گومانی ئەوانی نەشاردووەتەوە سەبارەت بەئەگەری نزیکبوونەوەی رۆیشتنی.
سەرەڕای هەوڵەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ڤینی بۆ کەمکردنەوە لە بایەخی لێدوانە میدیاییەکان، بەڵام یاریزانی ژمارە 7 لە ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا بووەتە بابەتی رۆژ، کە مەحاڵە ئەم هەواڵە ورووژێنەرە پشتگوێ بخرێت، تەنانەت بۆ ئەو یاریزانانەی راهاتوون بە دوورکەوتنەوە لە ژاوەژاوی میدیا و سۆشیال میدیا.
دڵەڕاوکێیەکی شاراوە
سەرەڕای ئەو هەموو بانگەشە میدیاییە، هەمان سەرچاوەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە یاریزانە بەرازیلییەکەی ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک سەرقاڵ نییە، بەڵکو وەک هەمیشە ئارام دەردەکەوێت و سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ یارمەتیدانی تیپەکە.
ئەوانەی لەنزیکەوەن پشتڕاستی دەکەنەوە کە تووڕەیییەکەی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان یان هاندەرانی تیپە رکابەرەکان زیاتر دەیورووژێنن لەو هەواڵانەی کە باس لە ئەگەری گواستنەوەی بۆ خولی سعودیە دەکەن، کە بووەتە بابەتێکی گرنگ بۆ میدیاکان.
کاریگەری پارەی سعودیە
لە هەمان چوارچێوەدا هاوڕێکانی ڤینیسیۆس تێبینی ئەوە دەکەن کە شتێک لەپشت پەردەوە دەگوزەرێت، بەو پێیەی یاریزانە بەرازیلییەکە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە، و هێشتا هەموو بژاردەکان بەکراوەیی ماونەتەوە، لەنێویاندا نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید.
بەڵام ئەو ئاماژانەی کە لەناو تیپەکەوە دێن، بوونی هەستێکی نا سرووشتی لەلایەن ڤینیسیۆسەوە بۆ قبوڵکردنی پارە زۆرەکانی سعودیە دووپات دەکەنەوە.
سعودیە چاوەڕێی ساتێکی گونجاوە
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانە سعودییەکان ئێستا بێدەنگن و چاوەڕێی ساتەوەختی یەکلاکەرەوەن بۆ ئەوەی هەنگاوەکانیان دەستپێبکەن. ئاماژەش بەوە دەکەن کە ماوەی چەند مانگێکە هیچ پەیوەندییەکیان بە نوێنەرانی ئەو یاریزانە بەرازیلییەوە نەکردووە.
سعودییەکان پێیانوایە کە تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی یاریزانەکە و ریال مەدریددایە، کە سەرقاڵی دانوستاندنێکی چڕن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە، ئەگەر رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا نەکرا، ئەوا دەرفەتی هەنگاونانیان دەبێت، هەروەها لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەن.
گرێبەستێکی ستراتیژی بۆ خولی سعودیە
لە راپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی رێلیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ خولی پیشەگەری سعودیە، بەئامانجی گۆڕینی خولی سعودیە بۆ پاڵەوانێتییەکی جیهانی گەورە و گرنگی وەرزشی و راکێشانی سەرنجی جیهان، و راکێشانی یاریزانی بەنێوبانگتر.
داهاتووی ڤینیسیۆس لەنێوان بڕیاری یاریزانەکە و ریال مەدریددا بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە چاوەڕوانییەکی زۆر لەلایەن هاوڕێکانیەوە سەبارەت بە داهاتووەکەی هەیە، کە لەوانەیە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە تۆپی پێی جیهانیدا رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ