زانیاری نوێ لەسەر پێکانەکەی کارڤاخال

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن دانی کارڤاخال پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، دووپاتی دەکەنەوە کە پێکانەکەی دانی کارڤاخال زۆر مەترسیدارە و لە نزیکترین کاتدا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
 
دانی کارڤاخال لە یاریی ریال مەدرید و ڤیاریال، لە گەڕی نۆیەمی لالیگادا، تووشی پێکانێکی قورس بوو، دوای ئەوەی ویستی بەهێز لە تۆپ بدات، بەڵام یێریمی پینۆی یاریزانی ڤیاریال هەوڵیدا تۆپەکە لەبەر قاچی دووربخاتەوە و لە ئەنجامدا بەریەککەوتنێکی بەهێز روویدا و دانی تووشی پێکانێکی قورس بوو. 
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "پێکانەکەی بەرگریکار و کاپتنی ریال مەدرید لە چەند شوێنێکە و تەنیا یەک پێکان نییە، بۆیە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت".
 
هەروەها زیاتر دەڵێن "کارڤاخال تووشی پچڕانی بەستەری پێشەوەی ئەژنۆ بووە، زیان بە بەستەری لای دەرەوە کەوتووە، زێدەباری پچڕانی ریشاڵی ماسوولکەی رانی راستی".
 
زۆر لە میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە پێکانانە لانیکەم 8 بۆ 10 مانگی پێویستە بۆ چاکبوونە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆی کارڤاخال دەکرێت و ئەوکات بەوردی دەردەکەوێت کە یاریزانەکە چەند کاتی پێویستە بۆ گەڕانەوە.
 
دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، لەو بارەیەوە گوتی "وادیارە پێکانێکی خراپە، پێکانێکی خراپە لە ئەژنۆی. لە چەند کاژێری داهاتوودا پشکنین و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. ژووری جلگۆڕین بێگومان خەمناکە و لە دڵەڕاوکێدایە. بەهۆی شتێکەوە کە بەداخەوە لەم دواییانەدا زۆر روودەدات بەهۆی خشتەی یارییەکانەوە. بەڵام ئەمە بەسەر یاریزانێکی زۆر گرنگدا هات بۆ ئێمە".
 
ئەنچیلۆتی دانی بەوەشدا نا کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەریشیان لەو یارییەدا تووشی پێکان بووە لە شانیدا و گوتی "ڤینی پێویستی بە پشکنینە بۆ ئەوەی بزانین قەبارەی پێکانەکەی چەندە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە