هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق دەست بە راهێنان دەکات

05-03-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی رۆژی 15ـی ئەم مانگەی بۆ دەستپێکردنی راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ دوو یاریی داهاتووییان بەرامبەر هەڵبژاردەی کوێت و هەڵبژاردەی فەڵەستین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دیاریکرد. 
 
هەڵبژاردەی عێراق بەسەرپەرشتی خیسۆس کاساسی راهێنەر، لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور، ئوردن، کوێت لەگەڵ فەڵەستین دەکات، کە هەڵبژاردەی عێراق بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە. 
 
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بە راوێژ و رێککەوتن لەگەڵ راهێنەرمان مەشقەکانی هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 15ـی ئەم مانگە لە شاری بەسرە دەستپێدەکەن، هەموو داواکارییەکانی سەرپەرشتیار و دەستەی راهێنەرانمان جێبەجێکردووە و سەرەتا یاریزانە ناوخۆییەکان دێنە راهێنانەکان تاوەکو ئەستێرەکانی دەرەوەش لە ماوەی چەند رۆژێکدا پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکەن". 
 
هەڵبژاردەی عێراق چاوی لە گەیشتنە بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 لەدوای سی و نۆ ساڵ دابڕانی لە گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهانی تۆپی پێ. حکومەتی عێراق پاڵپشتییەکی گەورەی تیپەکەیە و زوو زوو سەرۆک وەزیران چاوی بە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و راهێنەر و ئەستێرەکانی تیپەکە دەکەوێت و هاوکاریی زۆرییان دەکات. 
 
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 20ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە، بە پاڵپشتی شەست و پێنج هەزار میوانداریی هەڵبژاردەی کوێت بکات، عێراق دەیەوێت درێژە بدات بە سیناریۆی ئەو چیرۆکەی کە هیچ هەڵبژاردەیەک ناتوانێت لەو یاریگەیەدا ناتوانێت لە عێراق بباتەوە، دوای ئەو یارییە هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 25ـی مانگ لە وڵاتی ئوردن یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڵەستین دەکات.
 
بەحرلعلوم، زیاتر گوتی "یارییەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و نامانەوێت خاڵ لەدەستبدەین، لەبەرئەوەی بردنەوە لە کوێت واتە نزیکبوونەوەمان لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026، موڕاڵێکی گەورەش دەبێت بۆ ململانێکردنی هەڵبژاردەی فەڵەستین". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژوویدا تەنیا جارێک لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە