رووداو دیجیتاڵ
دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی عێراقە لە یۆنین، خۆی بۆ یارییەک ئامادەدەکات، دەرچوون تێیدا هەمووان دەخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەمجارە عێراق توانای سەرکەوتنی بۆ مۆندیال هەیە، یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە، لەگەڵ ئەوەی پێی وایە کۆریای باشوور باشترین هەلی بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال هەیە، دەیەوێت ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە دەڵێت "کۆمەڵەکەمان زەحمەتە، کۆریا خاوەنی بەرزترین هەلە بۆ گەیشتن بۆ مۆندیال و ئەوان ئەزموونیان هەیە، رکابەرییەکە لەنێوان عێراق، عومان و ئوردن دەمێنێتەوە، ئەوان تیپی باشن، بەڵام کۆریا زۆرترین هەلی هەیە."
عێراق لە سێ یاریی رابردوودا لە پاڵاوتنەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و هیچ گۆڵێکیشی لێنەکراوە، رووبەڕووبوونەوەی کۆریای باشوور زەحمەتترین تاقیکردنەوەی هەڵبژاردەکەیە و دەرچوون لەنێو یاریگە و هاندەرانی ئەواندا بە ئەنجامێکی باشەوە، متمانەی زیاتر دەداتە تیپەکە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بەو خەونەی 38 ساڵە عێراقییەکان بەدوایەوەن بۆ ئەوەی ببێتە راستی.
هاوشێوەی عێراق، کۆریای باشوور لە سێ گەڕی رابردوودا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام ئەوان گۆڵێکیان لێکراوە و بەهەمان ژمارەی خاڵەکانی عێراق لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەمن.
هۆنگ میۆنگ بۆ، راهێنەری کۆریای باشوور بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە بەرامبەر تیپێک یاری دەکەین نزیکترین هەڵبژاردەیە لە تیپەکەمانەوە لە رووی خاڵەوە، ئەمە یارییەکی گرنگە، ئەوان رکابەرێکی بەهێزن، بۆیە دەبێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنین، شێوازی کۆتاییهێنان بە یارییەکەمان بەرامبەر ئوردن متمانەی پێبەخشین و باوەڕم وایە تیپەکەم بەگشتی پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە."
کۆریا بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی سۆن هیۆنگ مین، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکەی بێبەش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لی کانگ ئین و کیم مین جای، دەیانەوێت سەرکردایەتی تیپەکە بکەن بۆ ئەوەی عێراق رابگرن و هەنگاوێکی زیاتر لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک ببنەوە.
عێراق لە دوای سەرکەوتنەکەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیای 2007 بەرامبەر کۆریای باشوور، هیچ یارییەکی دیکەی لەو هەڵبژاردەیە نەبردووەتەوە، ئەرکیان قورسە، بەڵام دەیانەوێت کۆتایی بە مێژووە خراپەکەیان بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە بهێنن و لەنێو خاکی کۆریادا بردنەوەیەکی مێژوویی تۆماربکەن.
مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارییەکەمان دەکەین بەرامبەر یەکێک لە باشترین تیپەکانی ئاسیا، ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە و بەپەڕی چاوەڕوانییە دەچین بۆ یارییەکە، ئەوان خاوەنی چەندین یاریزانی باشن لەسەر ئاستی تاکەکەسی و تیپێکی رێکخراون، بەڵام ئێمە زۆر پاڵنەرمان هەیە و دەمانەوێت یارییەکی باش بکەین."
لەلایەن خۆیەوە کیم مین جای، بەرگریکاری بەنێوبانگی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر خاوەنی پلەی دووەم لەنێو یاریگەی خۆمان دەبێت، بەرای من دەبێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنن و گرنگییەکی زۆر بە کەشوهەوای جۆش و خرۆش دەدەین لەنێو یاریگەدا، پێموایە یاریزانەکان بەباشی کاردەکەن بۆ دروستکردنی ئەو کەشواهەوایە، خۆمان ئامادەدەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ