ڤیدیۆ؛ مێسی خەریکبوو ئەرجەنتین بەدۆڕان بدات، بەڵام مارتینێز رزگاریکرد

05-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کۆپا ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەسەرکردایەتیی ئێمیلیانۆ مارتینێز، سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر ئیکوادۆر بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکا.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکادا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیکوادۆر رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
دوای 35 خولەک یارییکردن، لیساندرۆ مارتینێز، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی تانگۆ کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 59 لێدانێکی سزا بۆ ئیکوادۆر هەژمارکرا، ئینێر ڤالێنسیا لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو و تۆپەکەی بەر ستوون کەوت.
 
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراودا، کێڤین رۆدریگێز ئەنجامەکەی بۆ هەڵبژاردەی ئیکوادۆر یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
یارییەکە چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا لیۆنێل مێسی سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی گۆڵ بکات، بەڵام ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئازایانە لە گۆڵەکەیدا وەستا و بە گەڕاندنەوەی دوو لێدان هاوکاریی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە 4-2.
 
بەو ئەنجامە هەڵبژاردەکە گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی و بەرامبەر براوەی یاریی ڤێنزوێلا و کەنەدا یاری دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە