هەواڵێکی ناخۆش لە مێسییەوە بۆ ئەرجەنتینییەکان

26-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کۆپا ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هەواڵێکی ناخۆش دەگەیێنێتە هاندەرانی هەڵبژاردەکەی و دەڵێت، "بە ئازارەوە بەرامبەر چیلی یاریم کردووە".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە دووەم یارییاندا لە رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر چیلی یاریکرد، یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی ئەرجەنتین کۆتاییهات و لاوتارۆ مارتینێز گۆڵەکەی تۆمارکرد.
 
دوای یارییەکە لیۆنێل مێسی، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئێستا سەرکەوتووین بۆ قۆناخی هەشت، بەڵام یارییەکی قورس بوو بەرامبەر چیلی. هەرچۆنێک بێت با بزانین یاری داهاتوو چۆن دەبێت".
 
مێسی لە پەیامەکەیدا هەواڵە ناخۆشەکەی گەیاند و گوتی، "لە یارییەکەدا هەستم بە ئازار دەکرد، بەڵام توانیم یارییەکە تەواو بکەم، هەرچەندە قاچم زۆر باش نەبوو، بەڵام تۆ ئەگەر بەرگەی ئازار نەگری بەردەوام نابی لە یاریکردن. بەهەرحاڵ بابزانین چۆن دەبێت".
 
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەڵێت "لەم جۆرە یارییانەدا، تۆ هەمیشە پێویستیت بە گۆڵپارێزێکی باشە بۆ ئەوەی بتپارێزێت، دیبۆ هەمیشە ئامادەیە، هەمیشە دەردەکەوێت، ئەو نەیهێشت گۆڵمان لێ بکرێت، ئیمەش هەمیشە هەلی گۆڵکردنمان هەبوو".
 
دوای ئەم قسانەی مێسی، میدیای ئەرجەنتین رایگەیاند "مێسی بەرامبەر هەڵبژاردەی پێرو یاری ناکات و پشوو وەردەگرێت".
 
ئەرجەنتین بە دوو بردنەوەی لەسەریەک گەیشتە قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکا، کە بەرەبەیانی 30ـی ئەم مانگە لە سێیەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر پێرو یاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە