رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە یاریگەی زەورا میوانی پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراق بوو، بە ئامانجی رکابەری و هەژاندنی پێگەی یەکەمی ریزبەندییەکە یارییەکەی دەستپێکرد.
یاریزانانی دهۆک زوو هێرشیان بردە سەر گۆڵی زەورا، پیتەر گۆرگیس توانی تۆڕی گۆڵی خانەخوێ بهەژێنێت، ئەوەش جۆشوخرۆشی لای هاندەران دروستکرد.
کەمێک پێش کۆتایی گێمی یەکەم، یانەی دهۆک تووشی کێشە بوو کاتێک لۆکاسی بەرگریکاریان بەهۆی وەرگرتنی دوو کارتی زەردەوە لە یاریگە کرایە دەرەوە.
گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی دهۆک کۆتایی هات، لەکاتێکدا بەشێکی یاریگە لەلایەن هاندەرانی زەردپۆشی دهۆکەوە داگیرکرابوو. لە سەرەتای گێمی دووەمدا، زەورا توانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
مەسعود میرال، راهێنەری دهۆک گۆڕانکارییەکی کرد و زاکیر یانیکی هێنایە ناو یاریگە، کە توانی گۆڵی دووەم و بردنەوە بۆ دهۆک تۆمار بکات و ئەنجامەکە بووە دوو بە یەک.
میرال بە رووداوی گوت، "من بە قوربانی یاریزانەكانم بم، ئەم یانەیە لە هەموو شتێك گەورەترە و زۆر شتی باشی كردووە پێش ئەوەی من بێمە ئێرە. تۆ ئێستا دەبینیت یاریزانان یەكدیان خۆشدەوێت و راهێنان دەكەن، دەیانەوێت هەمیشە سەركەوتن بەدەستبهێنن و ئەمڕۆ ئەوەمان بینی."
هاوکات پیتەر گۆرگیس، گۆڵکار و یاریزانی دهۆک لەبارەی ئەنجامی یارییەکە رایگەیاند، "ئێمە باوەڕێکی تەواومان بەیەكدی هەیە، ئەمڕۆ نیشانماندا كە باشترین تیپی عێراقین و دەتوانین لە هەموو تیمێك ببەینەوە. سەبارەت بە گۆڵەكەی منیش، زۆر خۆشحاڵم كە بە قاچی راست گۆڵم كرد، چونكە گۆڵێكی جوان بوو."
ئەمە یەکەم سەرکەوتنی مێژوویی دهۆک بوو لە یاریگەی زەورا دا. بەو سێ خاڵە، زەردپۆشەکان نەک هەر پێگەی خۆیان لە خولەکەدا بەهێزتر کرد، بەڵکو چاویشیان لە رکابەریی داهاتوویانە لە جامی یەکێتیی ئاسیا لە کوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ