رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا کاژێر 20:30ـی شەو میوانداریی یانەی مینا دەکات و سوورپۆشانی خابوور بە دروشمی بردنەوەی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە پێشکەشی هاندەرانیان بکەن.
وەرزی ئەمساڵ یانەی زاخۆ بەسەرکردایەتی تەڵاڵ بلوشی راهێنەری قەتەری ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، تیپەکە بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیدایە.
زاخۆ لە هەشت یاریی رابردوویدا نەدۆڕاوە، لە وەرزی ئەمساڵیش تەنیا یەک یاری لەنێو یاریگەی خۆیدا دۆڕاوە و خاوەن باڵکێشترین هاندەرە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، زاخۆ لەسەر ئاستی ئاسیا چوارەم زۆرترین هاندەری هەیە، کە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق زاخۆییەکان لە رووی ئامادەبوونیان لە یاریگا ریکۆردیان تۆمارکردووە.
پێشتر تەڵاڵ بلوشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "رێگایەکی دوورمان لەپێشە و دەمانەوێت وەرزی ئەمساڵ نازناوەکە ببەینەوە، سوپاسی ماندووبوون و پاڵپشتییەکانی هاندەرانمان دەکەم ".
زاخۆییەکان ئەمساڵ سەرنجراکێشترین تیپی خولەکەن و لە ریزی تیپەکەدا هەریەک لە ئەمجەد عەتوان و ئەحمەد یاسین دوو ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەن، ژیلوان حەمەد، ئەستێرەی کورد کە ساڵانێکی زۆر ئەزموونی لە چەندین خولی وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیادا هەیە، ئەمساڵ درێسە سوورەکەی یانەی زاخۆی پۆشیوە، گۆڵکاری خولی عێراقیش گۆستاڤۆ هێنریکی هێرشبەری بەرازیلییە کە لە ریزەکانی زاخۆ یاریدەکات و خاوەنی 15 گۆڵە.
بەگوێرەی ئامار و داتاکانی پێگەی Transfer Market لەسەر ئاستی خولەکانی جیهان یانەی زاخۆ لە رووی ژمارەی هاندەرە ئامادەبووەکانی ئەم وەرزەی لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا چوارەم زۆرترین هاندەری هەیە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 90 دێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی پێگەی Transfer Market تێکڕایی ئامادەبوونی هاندەرانی زاخۆ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 23.456 هاندەر بووە، واتە لەم وەرزە لە هەر یارییەکی نێو یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ زیاتر لە 23 هەزار هاندەر ئامادەبوون.
نێچیرڤان نەزیر، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی هاندەرانی یانەی زاخۆ لەبارەی ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە بە رووداوی راگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە و تیفۆی ئەمڕۆمان 300 مەترە کە باسی چیرۆکی خۆشەویستی هاندەرانمان بۆ تیپەکەیان دەکات، لە کاتی هاتنە ژوورەوەی یاریزانانمان بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، دواتر لەگەڵ دەسپێکی گێمی دووەم نمایشی دەکەین و دەمانەوێت سەرنجی هەمووان راکێشین، لەبەرئەوەی زۆر جیاوازە".
ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانەش بەڕێوەدەچن:
قاسم - نەجەف
زەورا - کارەبا
یاریی یانەی هەولێر و یانەی دهۆک بەهۆی یارییەکانی دهۆک لە جامی یانەکانی کەنداو دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ