زاخۆ دەیەوێت درێژە بە گەشتە سەرنجڕاکێشەکەی بدات

04-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ دەیەوێت درێژە بە گەشتە سەرنجڕاکێشەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بدات، کاتێک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە یاریی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی زاخۆ بەڕێوەدەچێت، خاوەن یاریگە دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات کە لەم وەرزەی خولەکەدا بەدەستیهێناون و چاوی لە رکابەریکردنە لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
 
زاخۆ لە کاتێکدا بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە یاریی دەکات، لە 2024 هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە، پێکهاتەی تەڵاڵ بلووشی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە یانەی زاخۆ، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ و بەبردنەوەی یارییەکە، یانەکە دەچێتەوە پلەی سێیەمی خولەکە.
 
زاخۆ لەم وەرزەدا تەنیا 3 یاریی دۆڕاندووە، خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە لە خولەکەدا و 10 گۆڵی لێکراوە.
 
نەفت بەسرە ئەنجامەکانی باش نین و هەڕەشەی دابەزینی لەسەرە، ئەو یانەیە لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ و چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزین دوورە، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆش لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زەحمەتدایە، بەتایبەت کە زاخۆ لە باشترین کاتەکانیدایە و لە یاریگەی خۆیدا لەم وەرزەدا تەنیا یەکجار دۆڕاوە.


 
لە دوایین دوو یارییاندا بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە، یانەی زاخۆ هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، دوایین یارییان لە رۆژی 24ـی شوباتی رابردوو بوو لە بەسرە و زاخۆ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بە گشتی یانەی زاخۆ 17 یاریی بەرامبەر نەفت بەسرە ئەنجامداوە، یانەکە 7 یاریی بردووەتەوە و 22 گۆڵی تۆمارکردووە، 4 یاریی دۆڕاندووە و 17 گۆڵی لێکراوە، 6 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییانهاتووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە