چارەنووسی ڤاڵڤێردی بۆ یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید نادیارە

03-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید فیدریکۆ ڤاڵڤێردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا، چارەنووسی فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری ریال مەدرید بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ یەکلانەبووەتەوە.
 
سبەی شەو، کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات لە یاریی چوونی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
میدیای ئیسپانیا بەگومانەوە باس لە ئەگەری بەشدارییکردنی ڤاڵڤێردی لە یارییەکەدا دەکەن، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە، ئەو یاریزانە بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت یان نا.
 
ڤاڵڤێردی بەشداریی لە دوو یاریی رابردووی ریال مەدرید لە جامی شا بەرامبەر ریال سۆسیێداد و لە لالیگاش بەرامبەر ریال بێتیس نەکردووە. کارلۆ ئەنچیلۆتی رایگەیاندبوو ئەو پێکانی نییە، بەڵام ماندووە و پێویستی بەپشوو هەیە.
 
فیدریکۆ یەکێکە لە کاریگەرترین یاریزانەکانی ئەمساڵی ریال مەدرید، پێشتر راهێنەری یانەکە ئەوی بەکامڵترین یاریزانی ئێستای جیهان ناوبردبوو، دووپاتی کردبووەوە ئەو یاریزانە دەتوانێت لە حەوت شوێنی جیاوازی یاریگەدا یاریی بکات.
 
لە دوایین یەکەی مەشقی ریال مەدرید بەر لە یارییەکەی سبەی، ڤاڵڤێردی بەشداریی مەشقە بەکۆمەڵەکانی تیپەکەی نەکردووە و بەتەنیا مەشقی کردووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ نەشیاویی توانای جەستەیی ئەو یاریزانە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی سبەیدا.
 
ریال مەدرید لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە تواناکانی جود بێلینگهام بەهۆی راگرتن و دانی سیبایۆس بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت و ئەگەر ڤاڵڤێردی بەشداریی یارییەکە نەکات، ریال مەدرید لە تواناکانی ژمارەیەک یاریزانی کاریگەر بێبەش دەبێت.
 
پێشبینیدەکرێت لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەمڕۆی کارلۆ ئەنچیلۆتی، بەر لە یارییەکە، چارەنووسی بەشداریکردن یان نەکردنی ئەو یاریزانە لە یارییەکەی سبەی، یەکلایی ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە