کارلۆ ئەنچیلۆتی: هەرگیز بڕیار لەبەجێهێشتنی ریال مەدرید نادەم

21-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچیلۆتی کارلۆ ئەنچیلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رەتیکردەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەدا باسی لە رۆیشتن لە یانەکە کردبێت لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە رۆژانی رابردوودا ئاشکرایانکردبوو ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە ریال مەدرید بڕوات و تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام نەبێت.
 
گرێبەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید، لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
 
ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی یاریی یانەکەی بەرامبەر سالزبۆرگی نەمسایی لە چامپیۆنزلیگ گوتی، "دەمەوێت زۆر راشکاوانە لەوبارەیەوە قسە بکەم، من هەرگیز هەرگیز بڕیاری رۆیشتن لە ریال مەدرید نادەم، دەزانم رۆژێک دێت و لە یانەکە دەڕۆم، بەڵام ئەوەی بڕیاری رۆیشتنەکە دەدات، هیچ کاتێک من نابم".
 
ئەو هەروەها بەپێکەنینەوە دەڵێ، "دەکرێ سبەی لەدوای یارییەکەی سالزبۆرگ ئەوە رووبدات، دەکرێ دوای پێنج ساڵی دیکەش بێت، فلۆرێنتینۆ چوار ساڵی دیکە لەسەرۆکایەتیی یانەکە بەردەوام دەبێت و منیش دەمەوێت ئەو چوار ساڵە لەگەڵ ئەوبم و پاشان پێکەوە هەردووکمان بڕۆین".
 
ئەنچیلۆتی دەڵێ، "یارییەکەی سالزبۆرگ گرنگە، لەبەرئەوەی نزیکین لە کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەم. دەبێ هەوڵبدەین خاڵەکان کۆبکەینەوە، یارییەکە زیندوو دەبێت، هەوڵدەدەین بەهەمان ئاستی باشەوە کە بەرامبەر لاس پاڵماس پێشانماندا، دەربکەوین".
 
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "هەلی زۆرمان نییە بۆئەوەی لەو هەشت تیپە بین کە راستەوخۆ سەردەکەون، بەڵام تاکەرێگەی بەردەممان بردنەوەی هەردوو یاریی داهاتوومانە، ئەگەر ناچاربین زیاتر یاریی بکەین، سەداسەدی ئاستی خۆمان پێشکێش دەکەین، دەزانم خشتەکەمان قورستر دەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە کەشانەدا راهاتووین".
 
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها باسی لە دۆخی تیپەکەی کردووە و دەڵێ، قورسە ئەگەر بڵێم تیپەکەمان بەتەواوی ئامادەیە، لە رووی هێرشبەرییەوە زۆر باشین، بەڵام دەبێ بەرگریمان باشتر بکەین. نهێنیی سەرکەوتن لەوەدایە و ئەگەر ئەوە بکەین، تاوەکو کۆتایی رکابەریی لەسەر سەرجەم نازناوەکان دەکەین".
 
ریال مەدرید ئەگەرچی پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ دۆخی باش نییە و دوای شەش یاری، لە پلەی 20ی ریزبەندی خولەکەیە و ئەوەش مەترسیی سەرنەکەوتنی راستەوخۆی بۆ تیپەکە بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە