رووداو هەولێر
بە بەشداریی 6 یانەی کوردستان، یارییەکانی پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی عێراق لە هەولێر دەستیپێکرد.
یارییەکان بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق، لەنێو هۆڵی داخراوی ئەکاد عەنکاوە لە شاری هەولێر ماوەی 5 رۆژ بەردەوامدەبن، یانە بەشدارەکان بریتین لە: ئەکاد عەنکاوە، دەربەندیخان، سابیس، ئەفرۆدێت، غازی شیمال لەگەڵ سەنحاریب.
لە دەستپێکی پەڵەوانێتییەکەدا، یانەی سابیس دوای ئامادەکارییەکی زۆر و هێنانی هودا حەرموونی کچە یاریزانی هەڵبژاردەی تونس، توانی لە یانەی ئەفرۆدێت بباتەوە بە ئەنجامی 83 بە 80 خاڵ.
یانەی ئەکادی عەنکاوە کە میوانداری کێبڕکێکەی کردووە. بەپشبەستن بە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی، ململانێیەکی بەهێزی یانە دەربەندیخانی کرد، کچانی عەنکاوە یەکەم سەرکەوتنیان بە ئەنجامی 73 بە 70 خاڵ تۆمارکرد.
ساسان گورگیس، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئەکاد عەنکاوە. لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەبوونی ئەو هەموو هاندەرە پاڵنەریکی باشە بۆ بەرزبوونەوەی باری دەروونی یاریزانانمان، دەمانەوێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین، هەرچەندە یارییەکان ئاسان نین".
لە یارییەکی دیکەدا یانەی غازی شیمال لە یانەی سەنحاریبی بردەوە بە ئەنجامی 61 بە 53 خاڵ.
ئەمڕۆ لە رۆژی دووەمی پاڵەوانێتییەکەدا ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
ئەکاد عەنکاوە - ئەفرۆدێت
سەنحاریب - سابیس
غازی شیمال - دەربەندیخان
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە رێگای راهێنەران و شارەزایانییەوە، لەم پاڵەوانێتییەدا پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی باسکەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دەستنیشاندەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ