باسکەی کچانی عێراق دەچێتە دهۆک

22-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی باسکەی کچانی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی باسکەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا رۆژی 27ـی ئەم مانگە یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی باسکەی کچانی عێراق لە شاری دهۆک دەستپێبەکەن. 
 
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی باسکەی کچانی عێراق، بە بەشداری 5 یانە دەبێت، کە سەرجەم یانە بەشداربووەکان لە هەرێمی کوردستانن و هیچ یانەیەکی بەغدا و باشووری عێراق بەشداری خولەکەیان نەکردووە.
 
یارییەکانی قۆناخی یەکەم لە هەولێر بەڕێوەچوون و یارییەکانی قۆناخی دووەم و کۆتایهاتنی کێبرکێکە دەچێتە هۆڵی یانەی سەنحاریب لە شاری دهۆک.
 
یانەی ئەکاد عەنکاوە، خاوەنی زۆرترین نازناوی خولەکەیە، کە 9 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، وەرزی ئەمساڵ تیپەکە بەهۆی کۆچی یاریزانانی بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دیکە تیپەکە چەند یاریزانێکی ئاستبەرزی لە دەستداوە و ئاستی خانمانی عەنکاوە مامناوەندە. 
 
سائیب محەممەد، راهێنەری باسکەی خانمانی یانەی ئەکاد عەنکاوە، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بۆ قۆناخی دووەم بەشێوەیەکی تۆکمەتر و باشتر خۆمان ئامادەکردووە و هیوامان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە لەدەستنەداوە، ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەی لە قۆناخی یەکەمدا هەمانبوون دووبارەی ناکەینەوە، لە راهێنانەکانمدا چارەسەرم کردوون و زۆر رێنمایی یاریزانەکانم کردووە". 
 
وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار فیدراسیۆنی باسکەی عێراق، بڕیاریداوە یارییەکان بە دوو قۆناخ بەڕێوەبچن و هەر یانەیەک بۆی هەیە دوو یاریزانی پیشەگەر بهێنێتە ریزەکانی، هەموو یانەکان دوو یاریزانیان هێناوە و 6 خانمە یاریزانی ئەمریکی لەگەڵ 4 خانمە یاریزانی ئێرانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی عێراق یاریدەکەن. 
 
شادی عەبدولوەند، خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەمی باسکەی ئێران، لەبارەی ئاستی خولەکە بۆ رووداو، روونیکردەوە "یاریکردنی یاریزانە پیشەگەرەکان هێز و ململانێیەکی بەهێزی بەخشیوەتە خولەکە، دەمەوێت لەگەڵ مەعسومە محەممەدی هاوڕێم کە دوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئێرانین، نازناوەکە بۆ یانەی سەنحاریب ببەینەوە". 
 
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی باسکەی کچانی عێراق، ریزبەندیی یانەکان بەمشێوەیە بوو: 
 
1 - غازی شیمال 8 خاڵ 
2 - سەنحاریب 6 خاڵ
3 - سابیس 6 خاڵ
4 - ئەکاد عەنکاوە 6 خاڵ
5 - ئەفرۆدێت 4 خاڵ 
 
وەرزی رابردوو یانەی غازی شیمال نازناوی خولی باسکەی خانمانی عێراقی بردەوە، ئەمساڵ وەک نوێنەری عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە تایلەند دەکات، هەروەها بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب لە ئوردن دەکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە