رووداو دیجیتاڵ
مانگی رابردوو لە خولەکانی تۆپی پێی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، چەند ئەستێرەیەک بە توانایەکی زۆرەوە دەرکەوتن و سێ یان چوار گۆڵیان بۆ یانەکانیان تۆمارکرد، یەکێک لەو یاریزانانەش ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری کوردی یانەی شورتەی عێراقییە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، راپرسییەکی بۆ هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی رۆژئاوای ئاسیا، بۆ مانگی شوبات ئەنجامداوە و لەسەر پەیجی فەرمی فیدراسیۆنەکە راپرسییەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکو رۆژی یەکشەممە کاژێر 20:00 بەردەوامدەبێت و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، ئاسۆ رۆستەم لە پێش کریستیانۆ رۆناڵدۆوەیە.
ئەو یاریزانانەی رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی باشترین یاریزانی مانگ دەکەن هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، ئودیۆن ئیگالۆ، هێرشبەری یانەی هیلالی سعودی، ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری یانەی شورتەی عێراقی، کودجۆ لابا، هێرشبەری یانەی عەینی ئیماراتی، مەهدی عەبدولجەبار، هێرشبەری یانەی مەنامەی بەحرەینی و عومەر سومە، هێرشبەری یانەی ئەلعەرەبی قەتەری.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی
ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی یانەی نەسڕی سعودی، لە مانگی شوباتدا لەگەڵ یانەی نەسڕ بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و 8 گۆڵی لە خولی سعودیەدا بۆ یانەکە تۆمارکرد، کە سوپەر هاتریکی بەرامبەر وەحدە و هاتریکی بەرامبەر یانەی زەمک تۆمارکرد، گۆڵێکیشی بەرامبەر یانەی فەتح بوو.
بەمەش رۆناڵدۆ بووە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی سعودیە و لەنێو رکابەری باشترینەکانی رۆژئاوای ئاسیادایە.
ئودیۆن ئیگالۆ، هێرشبەری یانەی هیلالی سعودی
ئیگالۆ لە هێرشبەرە دیار و بەتواناکانی خولی سعودیە و یانەی هیلالە، یاریزانەکە سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاتێک بەرامبەر یانەی دحێلی قەتەری سوپەر هاتریکی تۆمارکرد و بەر لەو یارییەش لەگەڵ یانەی شەباب ئەهلی دوبەی گۆڵێکی تۆمارکرد، بەمەش یاریزانەکە لەو دوو یارییەدا توانیی بە گشتی 5 گۆڵ بۆ یانەکەی بکات و بێتە نێو رکابەرییەکەوە.
ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری کوردی یانەی شورتەی عێراق
هێرشبەرە کوردەکە دوای تەنیا 4 یاری لەگەڵ یانەی شورتە بە ئاستێکی بەرز و نایابەوە دەرکەوت، هەر زوو ئاسۆ رۆستەم خۆی لەگەڵ یانەی شورتە گونجاند و لە مانگی رابردوودا چوار گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد، هاتریکی بەرامبەر یانەی نەفت و گۆڵێکیشی بەرامبەر یانەی کارەبا تۆمارکرد، بەمەش ئاسۆ هەر زوو هاتە نێو رکابەری گۆڵکارەکانی ئەم وەرزەی خولی عێراق و تاوەکو ئێستاش لە راپرسییەکەدا لە پێش هەمووانەوەیە.
کودجۆ لابا، هێرشبەری یانەی عەینی ئیماراتی
هێرشبەرە توگۆییەکەی خولی ئیمارات و یانەی عەین، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی رۆژئاوای ئاسیا دەکات، یاریزانەکە لە سەرەتای وەرزەوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا خاوەنی 20 گۆڵە، لە مانگی رابردووشدا توانیی 4 گۆڵ تۆماربکات، گۆڵێک بەرامبەر یانەی زەفرە، گۆڵێک بەرامبەر ئیتیحاد کەلبا و دوو گۆڵیش بەرامبەر یانەی ئەلجەزیرە بووە.
مەهدی عەبدولجەبار، هێرشبەری یانەی مەنامەی بەحرەینی
هێرشبەرە 31 ساڵە بەحرەینییەکە مانگی رابردوو لە خولی بەحرەین توانیی دوو گۆڵ تۆماربکات و هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی خولی وڵاتەکەدا، لە جامی شای بەحرەینیش گۆڵێکی تۆمارکرد و بەوەش گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
عومەر سومە، هێرشبەری یانەی ئەلعەرەبی قەتەری
هێرشبەری دیار و بەنێوبانگی هەڵبژاردەی سوریا، بەشێوەی خواستن لە یانەی عەرەبی قەتەری یارییدەکات، بەڵام بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، مانگی رابردوو یاریزانەکە 4 گۆڵی تۆمارکرد، هاتریکێک بەرامبەر یانەی رەیان و گۆڵی بردنەوە بەرامبەر یانەی ئەلشیمال، بەمەش بووە یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی باشترین یاریزانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ مانگی رابردوو دەکات.
لینکی راپرسییەکە
كريستيانو رونالدو @Cristiano
— دوري أبطال آسيا (@theAFCCL_ar) March 1, 2023
أوديون إيغالو @ighalojude
اسو رستم
كودجو لابا @DohLaba
مهدي عبدالجبار
عمر السومة @omaralsomah
من كان أفضل لاعب في غرب آسيا خلال شهر شباط/فبراير؟ شارك في التصويت 🗳️ ⬇️https://t.co/q56XCCmwbu pic.twitter.com/hMQQRJl0iu
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ