رووداو دیجیتاڵ
ژیاننامەی محەممەد سەڵاح، ئەو ئەستێرەیەی ئەم وەرزە جیهانی سەرسامکردووە و تاوەکو ئێستا بە بەربژێری یەکەمی باڵۆن دۆر دادەنرێت.
سەرەتاکانی سەڵاح
محەممەد سەڵاح، لە سەرەتاکانیدا لە یانە میلییەکانی شارەکەیدا یاری دەکرد، ئەو یاریزانە یاری بۆ هەریەک لە یانەکانی ئیتیحاد بەسیون و تەنتا کردووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا بۆ یەکەمجار بانگێشت دەکرێت بۆ ئەوەی لە ئەکادیمیای یانەی موقاولون یاری بکات، دوای ئەوەی بەهرەدۆزەرەوەیەکی یانەکە، کە بۆ بینینی یاریزانێکی دیکە هاتبووە ئەو شوێنەی سەڵاح یاری لێدەکرد، بەڵام سەڵاح بەتواناکانی سەرنجی ئەوی بۆ لای خۆی راکێشا، لەو کاتەی کە سەڵاح لە ئەکادیمیای یانەکە بوو، رۆژانە زیاتر لە سێ کاژێر گەشتی دەکرد بۆ گەیشتن بە کەمپی راهێنانەکان.
دوای ساڵێک لەوە، محەممەد رەزوان، راهێنەری یانەی موقاولون بڕیاریدا محەممەد سەڵاح، بانگێشتبکات بۆ راهێنانکردن لە تیپی یەکەم و بەرنامەیەکی وەرزشی و خۆراکیی تایبەتی بۆ ئامادەکرد بۆ ئەوەی جەستەی ئامادەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر ئاستێکی پرۆفیشناڵ.
محەممەد سەڵاح چۆن گەیشتە ئەورووپا؟
محەممەد سەڵاح، ساڵی 2010 یەکەم یاریی فەرمی خۆی لەگەڵ یانەی موقاولون ئەنجامدا، ئەو یاریزانە لە هەمان ساڵدا یەکەم گۆڵی فەرمیی خۆی بەرامبەر یانەی ئەهلی تۆمارکرد و بەئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسامکردبوو، تاکە کێشەی سەڵاح کەمی ژمارەی گۆڵەکانی بوون، وەک راهێنەری یانەکە، محەممەد رەزوان دەڵێت "هەندێکجار دوای یارییەکان سەڵاح لە ژووری جلگۆڕین لەبەر لەدەستدانی هەلی گۆڵکردن دەکەوتە گریانەوە".
مانگی سێی 2012، لەبەر رووداوە کارەساتاوییەکانی یاریگەی پۆرسەعید، یارییەکانی ئەو وەرزەی خولی میسری هەڵپەسێردران و ئەمە هەلێکی زێڕین بوو بۆ محەممەد سەڵاح بۆ ئەوەی لە دەرەوەی میسر یاری بکات، یانەی بازلی سویسری کە ماوەیەک بوو چاودێری ئەو یاریزانەیان دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی شێردان شاکیری کە لە کۆتایی وەرزەکە یانەکەی جێدەهێشت، لە هەمان مانگدا داوایان لە هەڵبژاردەی لاوانی میسر کرد یارییەکی دۆستانە بەرامبەر یانەکە ئەنجامبدەن لە سویسرا، دوای ئەوەی سەڵاح لە نیوەی دووەمدا بەشداری لە یارییەکە کرد، توانی دوو گۆڵ تۆماربکات و یانەی بازل دڵنیابکاتەوە لە بڕیارەکەیان بە گرێبەستکردن لەگەڵی.
دوای یارییەکە، یانەی بازلی سویسری، محەممەد سەڵاحیان بە گرێبەستێکی چوار ساڵی گواستەوە ریزەکانیان و ئەو یانەیە بووە رێگەی سەڵاح بۆ گەیشتن بە ئەورووپا درەوشانەوەی ئەستێرەکەی لە بازل، رێگەی خۆشکرد بۆ گەیشتن بە پرێمەرلیگ و سێریا ئا.
سەڵاحی یەکەم و سەڵاحی دووەم..
ئەگەر ئێمە کاروانی وەرزشی سەڵاح بکەین بە دوو بەشەوە، ئەوە دوو سەڵاحی زۆر جیاوازمان بۆ دروستدەبێت، سەڵاح پێش رۆما و سەڵاح دوای رۆما.
سەڵاحی یەکەم، ئەو یاریزانەی ساڵی 2014 چووە ریزەکانی چێڵسی، بەڵام بەشێوەیەکی خراپ شکستی هێنا و کۆمەڵێک کێشەی گەورەی لەگەڵدا هات، بەشێوەیەک ئەو یاریزانە تەنیا دوو گۆڵی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە تۆمارکردبوو.
بەڵام دوای ساڵێک لەوە، ئەو یاریزانە بە خواستن بۆ نیو وەرز، رووی لە یانەی فیۆرێنتینا کرد، راستە سەڵاح لەو یانەیە ئاستێکی باشی پێشکەشکرد، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانییەکان نەبوو.
ساڵی دواتر و لە وەرزی 2015/2016ەدا یاریزانەکە بە خواستن رووی لە یانەی رۆما کرد، لێرەوە سەڵاحی دووەم دروستبوو، ئەو یاریزانە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی رۆما، توانی 15 گۆڵ تۆماربکات و سەرکردایەتی رۆما بکات بەرەو گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، هەر لەو وەرزەشدا بە باشترین یاریزانی ئەو یانەیە دیاریکرا.
وەرزی دوای ئەوە، یانەی رۆما، محەممەد سەڵاحی گواستەوە ریزەکانی و لەو وەرزەدا یاریزانە میسڕییەکە توانی بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ، سەرکردایەتی یانەی پایتەخت بکات بەرەو پلەی دووەم بە جیاوازی تەنیا چوار خاڵ لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس.
دوای ئەو وەرزە، یانەی لیڤەرپوول بڕیاریاندا دووبارە سەڵاح بگەڕێننەوە پرێمەرلیگ و سەرکێشییەکەی چێڵسی دووبارە بکەنەوە، بەڵام سەڵاحی ئەمجارە زۆر جیاوازبوو.
سەڵاح لە لیڤەرپوول
محەممەد سەڵاحی لیڤەرپوول بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی دەیەی رابردووی تۆپی پێ دادەنرێت، ئەو یاریزانە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەکە، بە تۆمارکردنی 32 گۆڵ، ژمارەی پێوانەیی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی پرێمەرلیگی شکاند.
سەڵاح دووجار باشترین یاریزانی وەرزی لە پرێمەرلیگ بەدەستهێناوە، سێجار گۆڵکاری خولەکە بووە و دووجار وەک باشترین یاریزانی ئەفریقا هەڵبژێردراوە.
لەڕووی نازناوی بەکۆمەڵیشەوە، چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، ئێف ئەی کەپ، جامی قەڵخان، جامی سوپەر ئەورووپا، جامی جیهانی یانەکان و دوو کاراباو کەپی بەدەستهێناوە.
ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە 375 یارییدا، 231 گۆڵ و 105 ئەسیستی کردووە.
ژیانی تایبەتی سەڵاح
محەممەد سەڵاح، لەدایکبووی ساڵی 1992ـی شاری بەسیونە، ئەو موسڵمانە و بە ئاهەنگگێڕانە تایبەتەکەی ناسراوە کە بەردەوام دوای گۆڵەکانی سوپاس و ستایشی خوای گەورە دەکات، وەک خۆی دەڵێت، خولیای یاریکردنی پلەیستەیشنی هەیە و خواردنی دڵخوازی ئەو یاریزانە کوشەرییە، کە خۆراکێکی تایبەتی میسڕییە.
سەڵاح ساڵی 2013 لەگەڵ ماجی سەدیق، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دوو کچییان بە ناوەکانی مەککە و کایان هەیە.
ماجی، هاوژینی سەڵاح، بەکالۆریۆسی هەیە لە کیمیای زیندەیی و لە چەند کارێکی خێرخوازیدا لە میسر و بەتایبەتی لە گوندەکەی خۆی بەشداربووە بۆ یارمەتیدان لە بەرەوپێشبردنی لایەنی پەروەردە و تەندروستی لەو ناوچەیە.
سامانی محەممەد سەڵاح 53 ملیۆن دۆلارە و مووچەی ساڵانەی ئەو یاریزانە 35 ملیۆن دۆلارە، بەیەکێک لە بەرزترین مووچەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی ئینگلتەرا.
ئەو یاریزانە جگە لە مووچەی یاریزانییەکەی، بە گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەدیداس، ڤۆداڤۆن و پێپسی، ساڵانە 18 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات.
محەممەد سەڵاح زۆر چالاکە لە سۆشیال میدیا، ئەو لە ئینستاگرام 64 ملیۆن فۆلۆوەری هەیە، لە فەیسبووکیشدا 17 ملیۆن فۆلۆوەری هەیە و لە تۆڕی ئێکسدا 19 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە.
کاریگەریی ئەو یاریزانە زۆر گەورەیە لە وڵاتی میسر و خەڵکی ئەو وڵاتە سەڵاحیان زۆر خۆشدەوێت، بەشێوەیەک لە دەنگدانی سەرۆکایەتی میسڕ لە ساڵی 2018، محەممەد سەڵاح بێ ئەوەی بەشداربێت لە دەنگدانەکە، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەنگیان بە ئەو دابوو.
وەرزی 2024/2025
ئەم وەرزە محەممەد سەڵاح هەمووانی سەرسامکردووە، بەشێکی زۆری هەوادارانی ئەو یاریزانە بڕوایان وایە ئەم وەرزە، محەممەد سەڵاح دەتوانێت گرێکوێرەی باڵۆن دۆر بشکێنێت و ئەو دەستکەوتەش بخاتە ناو خەزێنە پڕ لە خەڵاتەکانی.
ئەو یاریزانە لەم وەرزە لە 26 یاریدا، 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 گۆڵی دروستکردووە.
سەرکردایەتی یانەی لیڤەرپوولی بۆ پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ و یەکەمی چامپیۆنزلیگ و پێدەچێت لەگەڵ ئارنی سڵۆت، وەرزێکی پڕلە نازناو بەڕێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ