رووداو هەولێر
یانەکانی بەغدا و باشووری عێراق بەمەبەستی کەمپی راهێنان و ئامادەکاری جارێکی دیکە شاری هەولێریان هەڵبژاردووە و پێیانوایە لەم شارە ئاسوودەن و سوومەند دەبن.
یانەی گەرمە میوانە نوێیەکەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاوشێوەی بەشێکی زۆری یانەکانی عێراق قۆناخی گرنگی ئامادەکارییەکانی لە هەولێرە.
چوار رۆژە یاریزانانی یانەی گەرمە لە یاریگەی هەندرێن راهێنان دەکەن، بۆ یەکەم بەشدارییان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، غازی فەهد کە 17 ساڵە لەسەر ئاستی ناوخۆ و خولی ئیمارات کاردەکات، لە وەرزی نوێدا سەرکردایەتیی یەکەم دەرکەوتنی گەرمە دەکات لە خولەکەدا.
ئەم راهێنەرە پێشتر راهێنەری یانەی هەولێر بوو، راهێنان لەنێو کەش و هەوای هەولێر بە خاڵێکی بەهێزی ئامادەکارییان دەزانێت.
غازی فەهد، راهێنەری یانەی گەرمە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "سەرەتا سوپاس بۆ خوا تیپی گەرمە نوێیە لە خولی ئەستێرەکان، یاریزانی باشمان هێناوە و دەمانەوێت لە قۆناخی داهاتوودا رێز لە پاڵپشتی هەمووان بگرین، سەبارەت بە هەڵبژاردنی شاری هەولێر پێموایە باشترین کەش و هەوای هەیە لەسەر ئاستی عێراق، تا راددەیەک کێشەی کەمیی یاریگەی هەیە، بەڵام سوپاسی یانەی هەندرێن بۆ پێدانی یاریگەکەیان دەکەین".
وەلی کەریم، یەکێک لە دیارترین راهێنەرەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەو دوای نووسینەوەی مێژووییەکی گەورە بۆ یانەی نەورۆز، ئەمجارە لەگەڵ یانەی کارەبا ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە، بۆ کەمپی راهێنان تیپەکەی هێناوەتە شاری هەولێر، گەشبینە و دەیەوێت لە خولەکدا ژمارەیەکی قورس و رکابەر بن.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی کارەبا، لەبارەی قۆناخی داهاتووی کارکردنی لەگەڵ یانەی کارەبا گوتی "بێگومان هەر زوو وەک یەکەم یانەی بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 3ـی ئەم مانگە دەستمان بە راهێنان کرد، گۆڕانکارییەکی زۆرم کردووە، ئەو راستییە دەزانم کە چاوێکی زۆرم لەسەرە و یانەی کارەباش ئەنجامێکی باشی دەوێت و ئامانجەکە هەنگاوی داهاتوومان دەبێت بەرەو پاڵەوانێتیی ئاسیا بێت".
یانەی کەرخ، یەکێک لە یانە دێرینەکانی عێراقە و شەست و یەک ساڵە دامەزراوە، لانکەی پێگەیاندنی ئەحمەد رازی ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق و چەندین ئەستێرەی دیکە بووە، ئێستا تیپەکە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەباشترین شوێن دەزانێت بۆ خۆ ئامادەکردنێکی گونجاو بۆ وەرزی نوێ.
ئەحمەد عەبدولجەبار، یاریدەدەری راهێنەری یانەی کەرخ زۆر سەرسامە بە شاری هەولێر، ئەو ئەستێرەیەی پێشووی یانەی زەورا بۆ رووداوی روونکردەوە "هەولێر خۆشەویستە لای هەموو عێراقییەکان، کەمپی راهێنانمان بەردەوام لە هەولێرە بەهۆی بوونی هۆتێلی باش و ئاسوودەیمان لەنێو خەڵکی ئەم شارە، هەفتەی رابردوو لە شاری دهۆک بووین، ئێستا هاتووین بۆ هەولێر چەند یارییەکی دۆستانەش ئەنجامدەدەین".
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە هەریەک لە یانەکانی نەفت و حدوود بەمەبەستی کەمپی راهێنان گەیشتنە شاری هەولێر، ئەم تیپانە بۆ راهێنان روو لە یاریگەکانی ئاسۆ، برایەتی و هەندرێن دەکەن و بۆ هەر رۆژێک کرێی یاریگەکان لەنێوان پێنجسەد هەزار تاوەکو ملیۆنێک دیناری عێراقییە کە دەچێتە خەزێنەی دارایی ئەو یانانەی شاری هەولێر.
هەر یانەیەک کە دێتە شاری هەولێر ماوەی دوازدە تا دوو هەفتە دەمێننەوە، چاوەڕواندەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 10 یانەی بەغدا و باشووری عێراق سەردانی شاری هەولێر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ