رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا ییارییەکانی جامی فوتساڵی کچانی یانەکانی عێراق لە شاری دهۆک بەڕێوەبچن.
بڕیارە رۆژی 18ـی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی لیژنەی ئافرەتان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یارییەکانی جامی فوتساڵی کچانی یانەکانی عێراق، لە شاری دهۆک دەستپێبکەن و کێبرکێکە 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمساڵ 10 یانە بەشداری جامی عێراق دەکەن، سەرجەم تێچووی مانەوە و ئەرکی هاتوچۆ و خواردنی تیپەکان لەسەر ئەستۆی فیدراسیۆنی عێراق دەبێت.
رەشا تاڵب، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسی لیژنەی خانمان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەشێوەیەکی زۆرباش ئامادەکاریمان بۆ یارییەکان کردووە و لە رووی رازاندنەوەی هۆڵ و میوانداری کارێکی گەورەمان کردووە بەئامادەبوون و پاڵشتی کاپتن عەدنان درجال، ئەمساڵ یارییەکانی زۆر بەهێز و جیاواز دەبن".
گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی بیانی پلانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە، بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە.
تاڵب زیاتر روونیکردەوە "لە جامی عێراق باشترین کچە یاریزانانی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق لە رێگای شارەزایانمان دەستنیشاندەکەین، سیڤی چەند راهێنەرێکی بیانیمان لەبەردەستدایە و دەمانەوێت باشترین راهێنەر بهێنین بۆ تیپەکەمان، بەشێوەیەک تیپی فوتساڵ و تیپی یازدە یاریزانی لەنێو یاریگەی کراوەمان بۆ بەهێز بکات".
یانەی ئافرەتانی هەولێر تاکە یانەی کوردییە بەشداری جامی عێراق دەکات، تیپەکە بەپشتبەستن بە 6 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و شۆخان نورەدین، یاریزانی پیشەگەری یانەی هیلالی سعوودی دەیەوێت جامەکە بەرزبکاتەوە.
مەزن محەممەد، راهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان ئاشکرایکرد "سێ رۆژە تیپەکەمان لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدایە، ئێمە رۆژی پێنجشەممە یاریی کۆتایی خولی کوردستان ئەنجامدەدەین، دواتر راهێنانەکانمان بۆ جامی عێراق بەردەوام دەبن لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوەکە".
بەشدارینەکردنی یانەکانی کورد وایکردووە کچە یاریزانانی کورد بچنە ریزی یانەکانی بەغدا و باشووری عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ