بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، بەناوی کونسووڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر، سڵاو و پیرۆزبایی دڵسۆزانە ئاراستەی دۆستانی موسڵمانان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم. هیوادارم ئەم مانگە تەقوا و میهرەبانی و ئارامی و شادی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و خوای گەورە هەموو ئەو کەسانە بەختەوەر بکات کە کار بۆ ئاشتی و گەشەسەندن لەسەر ئەم زەوییە دەکەن."
لە نێوان نیعمەتەکانی ئەم مانگە پیرۆزەدا، تکایە رێگەم پێ بدەن هەواڵی بەهاری گەشەسەندنی چینتان لەگەڵدا هاوبەش بکەم.
"چالاکییەکانی دوو دانیشتن" کە لەم دواییانەدا لە پەکین کۆتایی هات، سێیەمین دانیشتنی 14ـەیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی گەل و سێیەمین دانیشتنی 14ـەیەمین کۆمیتەی نیشتمانیی کۆنفرانسی راوێژکاری سیاسی گەلی چین - زیندوویی ئەم نەتەوە دێرینەی رۆژهەڵاتی بۆ جیهان نیشان دا. لە ماوەی ساڵی رابردوودا کەشتییە ئابوورییەکەی چین بە شێوەیەکی بەردەوام بە ئاستەنگەکاندا تێپەڕیوە، بەرهەمی ناوخۆیی 18.74 تریلیون دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە و بە ڕێژەی 5% گەشەی کردووە و بەردەوامە لە پێشەنگی ئابوورییە گەورەکانی جیهان. چین بەشداریی نزیکەی یەک لەسەر سێی گەشەی ئابووری جیهانی کردووە، گەشەپێدانی کوالێتیی بەرز بەشێوەیەکی بەردەوام پێشدەکەوێت و، هێزێکی بەرهەمهێنانی نوێی کوالێتیی بەرز پێکدەهێنێت و نوێبوونەوەی چین، هەنگاوی بەردەوامی ناوە.
گەشەسەندنی چین هەمیشە لە ئاستی جیهانیدا دەنگی داوەتەوە. ئێمە پابەندین بە گەشەپێدانی ئاشتیانە و هاوبەشکردنی دەرفەتەکان و هەوڵدان بۆ خۆشگوزەرانیی هاوبەش لەگەڵ هەموو وڵاتان دا. چین ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو گەلان بە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، بۆ داکۆکیکردن لە جیهانێکی فرەجەمسەری یەکسان و رێکوپێک، جیهانگیرییەکی ئابووریی سوودبەخش و گشتگیر، جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانی و دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی، بەشداریکردن لە چاکسازی و باشترکردنی سیستەمی حوکمڕانی جیهانی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک، کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی.
بەم بۆنە خۆشەوە، پێم خۆشە دیمەنی رەمەزانی کۆمەڵگەی موسڵمانی چین لەگەڵ ئێوەدا هاوبەش بکەم. لە شینجیانگ کە یەکێکە لەو هەرێمە سەرەکیانەی موسڵمانانی چین تێیدا نیشتەجێن، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لە نەتەوە جیاوازەکان بە هاوئاهەنگی دەژین و موسڵمانان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. لە مانگی رەمەزاندا، لە بەیانی زووەوە، بۆنی نانی تازەی برژاو شەقامەکان پڕدەکات و هاووڵاتیانی موسڵمان بە ئاشتیانە ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ دەکەن. حکومەتی هەرێمی، جەژنی رەمەزانی وەک پشووی فەرمی دیاری کردووە و خزمەتگوزاریی ورد بۆ فێستیڤاڵەکان رێکدەخات؛ لە بەڕێوەبردنی هاتووچۆی دەوروبەری مزگەوتەکانەوە تاوەکو پێداویستیی زۆری بازاڕی جەژن، لە بەرپرسانەوە کە ژەمی ئیفتار لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا هاوبەش دەکەن، تاوەکو بۆنە کولتوورییە تایبەتەکان؛ هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی فەلسەفەی حوکمڕانییە لە "ئاهەنگگێڕان بە هەمەجۆری بە هاوئاهەنگییەوە."
ئەم رێبازە گەشەپێدانە گشتگیرە، رێگەی بە شینجیانگ داوە بە گەشاوەیی بدرەوشێتەوە. لە ساڵی 2024ـدا بەرهەمی ناوخۆیی ئەم گەوهەرەی رێگەی ئاوریشم 285.7 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە و بە ڕێژەی 6.1% گەشەی کردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر تێکەڵبوونی بێ کێشەی نەریت و هاوچەرخی. لە ناوچەی گەشەسەندنی ئابووریی کشگاردا، تارە ئاوریشمییەکان شانبەشانی قۆڵی رۆبۆتەکان سەما دەکەن، لە کاتێکدا پانێڵی خۆر و زەوییە کشتوکاڵییە دڵۆپ دڵۆپەکان لە لێوارەکانی بیابانی تەکلیماکاندا جێگیرن. هەروەک بەڕێز شۆڕش سەعید، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری فرەلایەنەکان و یاسایی و باڵیۆزی پێشووی عێراق لە چین، لە سەردانەکەیدا بۆ شینجیانگ ئاماژەی پێکرد ''چارەسەری مێژوویی هەژاریی رەها، ژێرخانی بەهێز و گەشەسەندنی ئاستی بەرز لە ئابووری و کۆمەڵگە و کولتووردا نموونەی پابەندبوونی بێوچانی پارتی کۆمیونیستی چینە بە دانانی گەل پێش لە هەموو شتێک.''
مانگی رەمەزان، کاتێکی پیرۆزە بۆ موسڵمانان بۆ پاککردنەوەی دڵیان و کرداری چاکە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ شارستانییەتەکان بۆ فێربوون لە یەکتر و قووڵکردنەوەی لێکتێگەیشتن. دۆستایەتیی نێوان چین و جیهانی ئیسلامی، بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پۆرسەلینی چینی و چای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەهارات، هەروەها دەقە کۆنەکان شایەتحاڵی ئاڵوگۆڕی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوان بەدرێژایی رێگەی ئاوریشمی کۆن. ئەمڕۆ وەک هاوبەشی سرووشتی لە هەماهەنگیی پشتێن و رێگەی کوالێتی بەرزدا، چین و هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی بەهێزتر دروست دەکەن.
لە ساڵانی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنەی چین و عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەی کردووە، لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە 54.2 ملیار دۆلار و بە ڕێژەی 9% بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، کە هەرێمی کوردستانی عێراق بەشدارییەکی بەرچاوی تێیدا کردووە. خاڵە بەهێزەکانی کۆمپانیا چینییەکان لە نزیکەوە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ هەماهەنگیێکی بەهێز لە بواری وزە و ژێرخانی تەقلیدی و توانایەکی یەکجار زۆر لە ئابووریی دیجیتاڵی و بەرهەمهێنانی پێشکەوتوودا. ئێمە دڵنیاین کە کۆمپانیا و بەرهەم و وەبەرهێنانی چینی زیاتر دێتە نێو ناوچەکەوە، ئەمەش گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی بەرز دەکاتەوە. ئێمە بڕوایەکی تەواومان هەیە کە هەماهەنگی براوە بۆ هەردوولایەن ناوچەکان و کولتوورەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە و ئەو رۆحی یەکێتی و خۆبەخشییەی لە مانگی رەمەزاندا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەردی بناخەی قووڵبوونەوەی هاوبەشییەکان پێکدەهێنێت.
لە بەرامبەر بەرەنگارییە جیهانییەکاندا- لە گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەی ئابووریی سستەوە تاوەکو دەگاتە بەرزبوونەوەی پاراستنی بازرگانی، با رۆحی رەمەزان بقۆزینەوە بۆ بەهێزکردنی دۆستایەتی، قووڵکردنەوەی هەماهەنگی، چاندنی نیازپاکی، زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ